وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی ئێران لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ئەرکدار کراوە کە نابێ بڕواناکەمانی خوێندنی چالاکانی سیاسیی دەرەوەی وڵات بە بنەماڵەکانیان بداتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤی کوردستان، سەید مەحموود عەلەوی، وەزیری ئیتلاعاتی ئێران لە نامەیەکدا کە بۆ عەلی ئەسغەر فانی، وەزیری پەروەردە و فێرکردنی ناردوە، ئەو وەزارەتەی ئەرکدار کردەوە تا بە مەبەستی ڕێگری لە خوێندن یان درێژەدان بە خوێندنی چالاکانی سیاسی لە دەرەوەی وڵات، بڕوانامەکانی خوێندنی ئەو کەسانە بە بنەماڵەکانیان نەدرێتەوە.
لەو نامەیەدا پێداگری لەسەر ئەوە کراوە کە تا ئێستا زۆربەی چالاکانی سیاسی توانیویانە لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە بڕوانامەکانی خوێندنی خۆیان لەو وەزارەتخانەیە وەربگرنەوە، بەڵام بەپێی ئەو بڕیارە نوێیە ئەو قوتابیانەی کە بە “ئەستێرەدار’ ناو دەبرێن، لە مافی وەرگرتنەوەی دوا بڕوانامەی ئەسڵیی خۆیان بێبەش دەکرێن.
شایانی باسە پێشتر لە زانکۆکاندا کار بە بڕیارە کراوە و ئێستا ئەو بڕیارە بۆ وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنیش شۆڕ کراوەتەوە.