سەرەڕای تێپەڕینی نزیكەی ٢ حەوتوو بەسەر بەڵێنیی كاربەدەستاندا، تا ئێستاشی لەگەڵ بێ ئەیووب ئەسەدی بەڕێی نەخۆشخانە نەكراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێمۆكراسی و مافەكانی مرۆڤی كوردستانو لە ئێستادا ئەیووب ئەسەدی زیندانیی سیاسیی كوردی بەندكراو لە زیندانی كاشمەر لە بارودۆخێكی زۆر خراپ دایە و ڕێگری لە ناردنی بۆ نەخۆشخانە دەكرێ.
سەرچاوەیەكی نزیك لە بنەماڵەی ئەم زیندانییە كوردە وێڕای پشتڕاستكردنەوەی ئەم مەسەلە كە ئەو جگە لە دیسكی كەمەر، تووشیی نەخۆشیی ئاسمیش هاتووە، گوتی: لەسەر خەرجی گیرفانی خۆی ئێسپرێی تایبەت بە نەخۆسشیی ئاسمی بۆ دەكڕن، بەڵام كەس نازانێ لەبەرچی تا ئێستاش لە ناردنی بۆ نەخۆشخانە خۆ دەبوێرن.
ئەیووب ئەسەدی سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە ٤ ساڵ لە ماوەی حوكمەكەی لە زیندانە جۆربەجۆرەكاندا، لە مافی مەرەخەسی و چارەسەری پزیشكی بێبەش كراوە و ڕێگەیان پێ نەداوە كە بۆ چارەسەری دیسكی كەمەر بەڕێی نەخۆشخانە بكرێ. ئەو لە ڕۆژی دووشەممە ١٧ی جۆزەردانی ئەمساڵەوە هاوكات لەگەڵ مانگرتنی لە خواردن، ڕاپێچی سلوولی ئینفرادی كراوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێكەوتی 25ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٠ وێڕای محەممەدحوسێن ڕەزایی لە لایەن هێزەكانی سپای پاسدارانەوە لە دەوروبەری ئاوایی بۆڕیەر سەر بە شاری سەوڵاوا دەستبەسەر كرا و لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩١ بە تۆمەتی “هاوكاری كردن لەگەڵ یەكێك لە حیزبە كوردییەكان” حوكمی ٢٠ ساڵ زیندان و دوور خرانەوە بۆ زیندانی كاشمەری بەسەردا سەپێندرا.