کاربەدەستانی بەشی زانیارییەکان لە ئەمریکا دەڵێن ئێران لە حەوتووی ڕابردوودا مووشەکێکی دیکەی بالستیکی تاقی کردۆتەوە، بەڵام تاقیکردنەوەکە سەرکەوتوو نەبووە.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی میدیایی “فاکس نیوز” ئەو مووشەکە بالستیکە کە بە ئیلهام وەرگرتن لە مووشەکە دوورپێوەکانی ” موسادان”ی کۆرەی باکوور و بە مەودای بڕینی ٤٠٠٠ کیلۆمیتر بەرهەم هاتبوو، لە نیزیک شاری سامان لە ئیسفەهان تاقی کرایەوە، بەڵام هێشتا چەند چرکە لە هەڵدرانی تێبەپەڕیبوو لە ئاسماندا تەقییەوە.
ئەوە چوارەمین هەوڵی ئێران بۆ تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیکە لە یەک ساڵی ڕابردوودا و دوای ڕێککەوتنی ئەتومی لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان. کارناسانی سیاسی دەڵێن لە ڕێککەوتنی ئەتومیدا هیچ ئاماژەیەک بە تاقیکردنەوی مووشەکی نەکراوە، بەڵام بەپێی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شووڕای ئەمنیەت ئێران مافی تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک بە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتومیی نییە.
فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە وتووێژ لەگەڵ فاکسنیوزدا نیگەرانیی خۆی لە هەڵسوکەوتی ئێران لە ناوچەکەدا نەشاردەوە و پێی لەسەر ئەوە داگرت کە ئێران دوای ڕێککەوتنە ئەتومییەکەش نەیتوانیوە یان نەیویستوە هیچ ئاڵوگۆرێک لە ڕەفتارەکانیدا پێک بێنێ.
شایانی باسە ماوەیەک لەوە پێش بان کی مون، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاردانەوە بە تاقیکردنەوە موشەکییەکانی ئێران ڕاپۆرتێکی دا بە شووڕای ئەمنییەت و تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەو هەوڵانەی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ تاقیکردنەوەی مووشەکیدا هیچ تەباییەکی لەگەڵ ڕوحی ڕێککەوتنە ئەتومییەکەیدا نییە.