تێچووی زۆری بەرهەمهێنان، مانەوە و نەفرۆشرانی بەروبوومەکان باغ لە ساڵانی ڕابردوودا وایکردوە کە سەنعەتی باغەوانی و خاوەنباغەکان لە پارێزگای ورمێ بکەونە تەنگانەیەکی زۆرەوە.
کارناسانی بازاڕی میوە دەڵێن ناهاوسەنگی لە نێوان داهات و دەرکەوتی بەرهەمهێنان، دیاریکردنی نرخی بەرهەمەکان لەلایەن خاوەنکارخانەکان بە زیانی خاوەنباغەکان، کێشەی زۆری گواستنەوە و دواکەوتن لە پێشبڕکێ لەگەڵ ڕەکەبەرە بیانییەکان بووەتە هۆی ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا خاوەنباغەکانی پارێزگای ورمێ و ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش زەرەر و زیانێکی زۆریان بێتە ڕێ.
ئەمیر موڕدادی، بەڕێوەبەری شیرکەتی تەعاونیی خاوەنباغەکانی ورمێ وێڕای باس لە کێشە و ئاستەنگی وەرزێڕان و خاوەنباغەکان دەڵێ سەدی ٣٠ی حەشیمەتی پارێزگای سنە بژیوی ژیانیان لە رێگەی کشتوکاڵە، بەڵام بەهۆی کێشەکانیان کەوتوونەتە تەنگانەی زۆرەوە.
ناوبراو ڕەخنەی توندی لەوە گرتوە کە لە پرسی فرۆشی بەروبوومەکانی وەرزێڕیدا وەرزێڕ و خاوەنباغەکان کەمترین ڕۆڵیان نییە و لە جێیەکی دیکەوە نرخیان بۆ دیاری دەکرێ.
ئەو دەپرسێ لە ساڵی ڕابردوودا کام وەزارەت و کامە رێکخراوی دەوڵەتی بەرپرسی دانانی نرخ لە سەر بەروبوومەکانی کشتوکاڵی بووە؟ ئاخۆ بڕیاری کڕینی هەر کیلۆ سێو بە ١٥٠ تمەن لەلایەن کارخانەکان لە بەرامبەر تێچووی زۆری بەرهەمهێناندا هەناسەیەک و توانایەک بۆ خاوەنباغ و بەرهەمهێنەر دێڵێتەوە؟