حەسەن ڕوحانی، سەرۆک کۆماری ئێران کە سەردانی کرماشانی کردوە، لە قسەکانی بۆ خەڵکدا هەوڵی دا باس لە سیاسەتەکانی دەوڵەتیان بۆ بکا، بەڵام خەڵک قسەیان پێبڕی و دروشمەکانی خۆیان دا.
حەسەن ڕوحانی لە کاتێکدا لە ستادیۆمی ئازادیی کرماشان باسی رێککەوتنی ئەتومی و دەسکەوتەکانی و هەروەها باسی بابەتە ڕۆژەڤەکانی ناوچە وەک کودیتای تورکیەی دەکرد، خەڵک دەنگیان پێبڕی و گوتیان ئێمە نان، کار و ئازادیمان دەوێ.
سەرۆک کۆماری ئێران کە لە دروشمدانی خەڵک و ناڕەزایەتییەکانیان بە تەواوی پەست ببوو، گوتی: ” ئێوە هەر قسەم پێدەبڕن و گوێم نادەنێ، بەڵام خۆ بەوە کێشەکان چارەسەر نابن…”
ڕوحانی لە قسەکانی خۆیدا جارێکی دیکە کەوتە پێداهەڵگوتن بە شان و باهۆی خەڵکی کرماشان و کلتوور و مێژووی ئەو بەشە لە کوردستان و ئازایەتیی ئەوان لە پاراستنی ئێران و وڵاتدا، بەڵام خەڵکی بەشداربوو لە رێوڕەسمەکە بە بەرزکردنەوی دروشم و ئەو پلاکاردانەی بۆ کۆبوونەوەکە هێنابوویانن، تێیان گەیاند کە کێشە و داڵغەی ئەوان شتی دیکەیە.
ڕوحانی لە قسەکانیدا گوتی کە ٤٥ پڕۆژە بە بڕی ٩٩٨ میلیارد تمەن بۆ کرماشان پەسەند کراوە کە دەبێ لە ساڵەکانی ٩٥ و ٩٦ دا تەواو بکرێن. ئەو بەڵێنە نوێیەی ڕوحانی لە حاڵێک دایە کە پێش لە هاتنی ئەو نوێنەرانی کرماشان گوتبوویان هێشتا دوای ٥ ساڵ لە سەردانەکەی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی بۆ کرماشان بڕی ٥٠٠٠ میلیارد تمەن لە بودجەی وادەپێدراوی ئەو بۆ کرماشان دابین نەبووە.
” بەخێربێی بۆ بێکارترین پارێزگای ئێران”، ” بەرجام بە ئێمە چی، نان نییە بیخۆین”، ” کار، نان، ئازادی” چەند دروشمێک بوون کە لە کاتی قسەکانی ڕوحانیدا لە زار خەڵکی نەدەکەوتن.