کاربەدەستێکی دیوانی بەرزی وڵات دەڵی لەوە بەدوا ئەو تاوانبارانەی بە کەمتر لە سێ مانگ زیندانیی سزا دراون، بەند ناکرێن، بەڵکوو سزای جێگرەوەی دیکەیان بەسەردا دەسەپێندرێ.
عەلیڕەزا ئەنساری، جێگری بازڕەسیی دیوانی بەرزی ئێران وێڕای ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵانە دەڵێ کە تەنانەت سەرەڕای ناڕەزایەتی و پێناخۆشبوونی لایەنی شکایەتکەری تاوانبارەکەش ئەوانەی کە لە لایەن دادگاوە بە سێ مانگ و کەمتر لە سێ مانگ سزای زیندان مەحکوم دەکرێن، بەند ناکرێن و سزای دیکەیان بۆ لەبەرچاو دەگیرێ.
غوڵامڕەزا ئەنساری گوتی ئەوانەش کە بەهۆی تاوانی نائانقەست سزای دوو ساڵ و کەمتر لە دوو ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە، ئەوانیش چیدی بەند ناکرێن و سزای جێگرەوەی دیکەیان بەسەردا دەسەپێندرێ.
ئەو لەبارەی قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی بە هەڵە دەگیرێن گوتی ئەو بڕە بودجەیەی دەوڵەت بۆ ئەو کارە لەبەرچاوی گرتوە زۆر کەمە.
ئەنساری گوتی ژمارەی ئەو کەسانەی بەهەڵە دەگیرێن و لە زینداندا دەمێننەوە یەکجار زۆرە و ئەو ٤٠ میلیارد تمەنەی لە ساڵدا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانە تەرخان کراوە بەشی هیچ ناکا.
مافناسان دەڵێن قانوونی نوێی گۆڕینی سزاکانی سێ مانگ بەجێی زیندان بۆ جەریمەی نەغدی یان سزای جێگرەوەی دیکەش هەر بۆ نەبوونی بودجە و پێڕاگەیشتن بە زیندانەکان و تێچووی زۆری ئیدارەکردنیان دەگەڕێتەوە.
ئامارەکان دەڵێن تا پێش ڕووخانی رێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی ئێران بە ٣٦ میلیۆن حەشیمەت تەنیا ١٠ هەزار زیندانیی بووە، بەڵام ئێستا هەر نەبێ ٢١٠ هەزار کەس لە ئێران لە زینداندان.
شایانی باسە حەشیمەتی ئێران دوای روخانی رێژیمی پەهلەوی و لە سەردەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دوو بەرابەر زیادی کردوە، بەڵام حەشیمەتی زیندانییەکان لە چاو ئەو کات ٢٠ هیندە زیادی کردوە و ئەوەش وای کردوە کە ئێران لە ڕیزی سەرەوەی ئەو وڵاتانە بێ کە بەپێی حەشیمەتەکەی زۆرترین زیندانیی هەیە.