ناوەندە ئەمنیەتییەکان هەڕەشەیان لە خەڵکی بێوران و ناوچەکانی دیکەی ئەو سنوورە کردوە کە نابێ کۆڵبەری بکەن.
دوای تێکهەڵچوونەکەی بەیانیی ڕۆژی شەممە، ٢٦ ی پووشپەڕی نێوان خەڵکی بێوران و هێزە ئینتیزامییەکان، ناوەندە ئەمنیەتییەکان خەڵکی بێوران و گوندەکانی دەوروبەریان لە مزگەتی بێوران کۆکردەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا محەمەد قادری، کەسی قسە رۆیشتوو و ریش سپیی بێوران لە زمان کۆماری ئیسلامیەوە بە خەڵک و لاوانی ناوچەی راگەیاندوە کە چیدیکە نەچنە کۆڵبەری، چوونکی ناوەندە ئەمنیەتییەکان گوتویانە بەرەوڕووی توند و تیژیی زیاتر دەبنەوە.
لە وەڵامدا خەڵکی ناوچەکە گوتویانە لە ڕووی ناچارییە کە ڕوو لە کۆڵبەری دەکەن و ئەگەر بشکووژرێن، هێشتا ناچارن بع بژیوی ژیانیان درێژە بەو کارە بدەن، چونکی جیا لەوە هیچ کارێک نییە کە بتوانن لە شار و ناوچەکەی خۆیان بیکەن.
لەو کۆبوونەوەیەدا لاوانی بێوران زۆر بە توندی لە دژی ڕاسپاردەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان هەڵوێستیان گرتوە و گوتویاە کە ئەگەر هەر شتێکی خراپ لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بۆمان بێتە پێش، ئێمەش لە بەرابەریدا بێدەنگ نابین.
ئەو کۆبوونەوەیە دوای ئەوە هات کە سەر لە بەیانی دۆینێ شەممە، 26ی پوشپەڕ ژمارەیەک کۆڵبەر لە بەردەپانی سەر بە سەردەشت کەوتنە کەمینی چەکدارانی کۆماری ئیسلامی.
چەکداران تەقەیان لە کۆڵبەران کرد و هاوکات دەستیان بە کەل و پەل و کۆڵەکانیان داگرت. دژ بەو هێرش و تاڵانەی چەکدارانی کۆماری ئیسلامی خەڵکی بێورانی خوارێ هێرشیان بردە سەر پاسگا و کۆڵەکانیان ئەستاندەوە. لە نێو گوندی بێورانیش خەڵک هێرشیان کردە سەر ماشێنێکی نیرووی ئینتزامی کە بە مەبەستی هەڕەشە لە خەڵک، هاتبووە ناو ئاوایی. خەڵک ماشێنەکەیان تێکشکاند و مەئموورەکان ڕایانکرد.
شایەنی باسە لەمانگی پوشپەر دا ئەوە دووهەم جارە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خەڵک و هێزەکانی رژیم بە هۆی تووندوو تیژی هێزە سەرکووت کەرەکان دێتە ئاراوە.