دایە خەدیجە ئیبڕاهیمی دایکی شەهید ڕەسووڵ شێخە لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی هەینی، ٢٥ی پووشپەڕ، دایە خەدیجە ئیبڕاهیمی، دایکی شەهید ڕەسوڵ شێخە کە ساڵی ١٣٦٤ لە زیندان لە دار درا، بەهۆی پیری و نەخۆشی لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد. تەرمی دایە خەدیجە لە سەر وەسیەتی خۆی، لە پەنای گڵکۆی کورە شەهیدەکەی لە گۆڕستانی کانی باغ بە خاک سپێردرا.
دایە خەجیجە یەکێک لەو دایکە دڵسۆز و خۆشەویستانەی کوردستان بوو کە بە درێژایی تەمەنی پڕ لە شانازیی، دڵی بۆ ئازادی گەلەکەی و سەربەخۆیی وڵاتەکەی لێیدا. ئەویش وەک زۆربەی دایکە دڵسۆزەکانی نیشتمانەکەمان ڕۆڵەکانی بە سۆزی نیشتمانپەروەری و گەلدۆستی پەروەردە کرد، هەر بۆیەش چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەیان تێکەڵ بە ڕیزی شۆڕش بوون و جیا لە کوڕە شەهیدەکەی، کچێکیشی بە ناوێ ئایشێ شێخە،شانبەشانی هاوسەرەکەی کاک ئەحمەد حەسەنی، ئێستاش لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان دایە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەو دایکە ئازیزەوە پرسە و سەرەخۆی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری دەکا و خۆمان لە خەمیاندا بە شەریک و بەشدار دەزانین.