لە شاری ڤییەن، پێتەختی ئوتریش خۆپیشاندانێک بۆ مەحکومکردنەوەی تێرۆری دوکتور قاسملوو و داخستنی ئەو پەروەندەیە لەلایەن دادگای ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.
لەو خۆپیشاندانەدا کە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ ی پووشپەڕ لەسەر بانگەوازی کۆمیتەی ئوتریشی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لە وڵاتی ئوتریش بەڕێوەچوو، نوێنەرایەتیی بەشێکی زۆری هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و سەدان کەس لە ئەندامان، دۆست و لایانگرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە تێیدا بەشدار بوون.
لەو خۆپیشاندانەدا ئەندامانی حیزب توانییان لەگەڵ سەدان کەس لە هاووڵاتیانی ئوتریشی و خەڵکی ولاتانی دیکەی ئوروپایی کە بە شوێنی کۆبوونەوکەەدا تێپەڕ دەبوون، لەبارەی ئەو ڕووداوە قسە بکەن و هەروەها سەدان لاپەڕە لە پەیامی کۆمیتەی ئوتریشی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە نێو خەڵکدا بڵاوکرانەوە.
پێویستە بگوترێ کە شوێنی خۆپیشاندانەکە کە یەکێک لە سەرەکیترین گۆڕەپانەکانی ناوەڕاستی شاری ڤییەنە بە ئاڵای کوردستان و ئارم حیزب و وێنەی شەهیدانمان ڕازابووەوە.
ئەو حیزب و ڕێکخراوانەش کە بەشداری ئەم خۆپێشاندانە بوون و بەشێکی زۆریان پەیامیان پێشکێش کرد بریتی بوون لە:
پارتی دیمۆکراتی کوردستان، یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان، پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە سوریە، حیزبی شیوعی کوردستان ، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەکێشانی کوردستانی ئێران، یهکیهتیی لاوانی دێموکڕاتی ڕۆژههڵاتی کوردستان، یهکیهتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان، ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی لە سوریە، پارتی یەکیەتی دیمۆکراتی کوردستان سوریە، پارتی یەکیەتی کورد لە سوریە، پارتی دیمۆکراتی پێشوەڕۆ کوردستان سوریە، ماڵا کوردان لە ڤییەننا، ئەنجومەنی کوردە ئێزیدیەکان، پارتی دیمۆکراتی کوردی لە سوریە البارتی، پارتی ئازادی کوردستان و یەکیەتی خوێندکاران و لاوانی دیمۆکراتی کوردستانی ڕۆژاوا.