وه‌زاره‌تی نێوخۆی به‌حره‌ین دو كه‌سی به‌تاوانی دانانه‌وه‌ی بۆمب له وڵاته‌كه‌ی ده‌سبه‌سه‌ر كرد. به‌حره‌ین ده‌ڵێ، ئەو دوو تاوانبارە له وڵاتی ئێران و له لایه‌ن سپای پاسدارانه‌وه بۆ ئەو کارە ڕاهێنانیان پێکراوە.
وه‌زیری نێوخۆی وڵاتی به‌حره‌ین له به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند كه دوو كه‌س به تاوانی دانانی بۆمب له جاده‌ی ئاوایی “ئهلعەكری ” هه‌ڵكه‌وتوو له باشووری مه‌نامه ده‌سبه‌سه‌ر كردوه. به هۆی ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌م بۆمبە لە بن ماشێنی هاووڵاتییەک لە ڕۆژی 30ی ژۆئه‌ندا، ژنێك گیانی لە دەست دا و سێ منداڵیشی بە توندی بریندار بوون.
بكه‌رانی ئه‌م كرده‌وه تێرۆریستییە دوو كه‌س به ناوه‌كانی حه‌سه‌ن جاسم حه‌سه‌ن ئهلحایمی، ته‌مه‌ن ٣٥ ساڵ و حوسێن ئیبراهیم عه‌لی حوسێن مه‌رزووق، ته‌مه‌ن ٢٦ ساڵ بوون كه به قسه‌ی وه‌زاره‌تی نێوخۆی به‌حره‌ین له ئێران و له لایه‌ن سپای پاسداران ڕاهێنانیان بۆ كراوه. هه‌روه‌ها له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا باس له كه‌سی سێهه‌میش كراوه كه بۆ وڵاتی ئێران هه‌ڵاتووه.
به‌حره‌ین به‌رده‌وام ئێران به ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری وڵاته‌كه‌ی و ناسه‌قامگیریی تاوانبار ده‌كا و قسەکانی ئەم دواییانەی قاسم سلێمانی، فه‌رمانده‌ی سپای قودس، لقی ده‌ره‌وه‌ی سپای پاسداران لەو بارەوە هیچ گومانێکی نەهێشتەوە.
ناوبراو به‌دوای لێستاندنه‌وه‌ی مافی هاووڵاتیبوونی شێخ عیسا قاسم، یه‌كێك له مه‌لا شیعه‌كانی به‌حره‌ین له مانگی جۆزه‌ردانی ڕابردوودا، ئه‌مه‌ی به هێڵی سوور ناوبرد و هەڕەشەی له ناوبردنی حكومه‌تی به‌حره‌ین كرد.