بۆ جارێکی دیکه‌ش خه‌ڵکی مافخوازی کوردستان له شار‌و گوندەکان، به ژن و پیاو و پیر و لاو، سه‌ره‌ڕای میلیتاریزه‌کردنی کوردستان له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌تی و سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ڕێژیمه‌وه، ده‌ریان خسته‌وه که “شه‌هید قاسملوو له ڕێبازیدا زیندووه” و حیزبی دێموکرات هه‌روه‌ک هه‌میشه له بیر و باوه‌ڕ و دڵیان دا جێگه و پێگه‌ی تایبه‌تیی خۆی هه‌یه.
له ٢٢ی پووشپه‌ڕی ئه‌مساڵ و له یادی ٢٧ ساڵه‌ی تێرۆری ڕێبه‌ری ناوداری کورد، شه‌هید دوکتور قاسملووی هه‌رده‌م زیندوودا، کۆمه‌ڵانی مافخوازی کورد له زۆربه‌ی شار‌و گوندەکانی کوردستان به بایکۆتکردنی بازار‌و شوێنه گشتییه‌کان [ نا]یه‌کی ڕاشکاوانه‌ی دیکه‌یان به سیاسه‌تی سه‌رکوت و تێرۆری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی گوته‌وه.
خه‌ڵکی وشیارو له‌سه‌رهه‌ستی کوردستان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه به بانگه‌وازی حیزبه خۆشه‌ویسته‌که‌یان که داوای لێ کردبوون “بە مانگرتنی گشتی، بایکۆتی بازاڕ و مەیدان و شوێنە گشتییەکان بکه‌ن و لە رۆژانی پێش ٢٢ی پووشپەڕ و لەو رۆژەشدا، بە بەرزکردنەوهو بڵاوکردنەوەی سروود و دروشمی شۆڕشگێڕانەو نەتەوەیی بایەخ بە هێماکانی کۆڵنەدان و خۆڕاگری بده‌ن”، وه‌ک هه‌میشه به هه‌ستکردن به به‌رپرسایه‌تی و خاوه‌ندارێتی له دۆزه ڕه‌واکه‌یان و نیشاندانی وه‌فاداری به شه‌هیدانی کوردستان و له‌سه‌رو هه‌مووانه‌وه شه‌هید دوکتور قاسملوو، له ساڵڕۆژی تێرۆری ڕێبه‌ری ئاشتیخوازی خۆیاندا، یه‌کگرتووانه به دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆیان و بەشدارییان له مانگرتنێکی گشتیدا، ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی و مافخوازانه‌ی خۆیان به گوێی ده‌سه‌ڵاتی سهرکوتکەر ڕاگه‌یاند و بۆ جارێکی دیکه‌ش په‌یمانی وه‌فاداری و به‌رده‌وامیی خه‌باتیان له‌گه‌ڵ شه‌هید قاسملوو و حیزبی دێموکراتی کوردستان دووپات کرده‌وه.
له به‌رامبه‌ردا هێزه ئه‌منییه‌تی و سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ڕێژیم وێڕای بە ئەمنییەتی کردنی فەزای زۆربه‌ی شار و ناوچه‌کانی کوردستان و هه‌ڕه‌شه و تۆقاندن، جارێکی دیکه‌ش له به‌رامبه‌ر ئیراده‌ی خه‌ڵکی کوردستاندا ده‌سته‌وه‌ستان مانه‌وه.
هه‌ر به‌م بۆنه‌وه چالاکان و هه‌ڵسووڕاوانی سه‌ر به ته‌شکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستان وه‌ک هه‌میشه ئازایانە به چالاکیی ته‌بلیغی، نووسینی درووشم و بڵاوکردنه‌وه‌ی وێنه‌ی شه‌هیدان و تراکته ته‌بلیغییه‌کانی تایبه‌ت به یادی ٢٧ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی دوکتور قاسملوو، له‌لایه‌ک دڵخۆشی و دڵگه‌رمییان به‌خشیه‌وه به کۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی کوردستان‌و، له‌لایه‌کی دیکه‌وه ترس و دڵه‌ڕاوکێیان له ناخی دوژمنانی گه‌له‌که‌یاندا ڕوواند.
یه‌کگرتوویی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان، ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر به سه‌رکوت و میلیتاریزه‌کردنی کوردستان له‌لایه‌ن ڕێژیم و وه‌فاداری خه‌ڵک به ڕێبازی شه‌هید قاسملوو و حیزبی دێموکرات، له‌و په‌یامانه بوون که کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان له‌م یاده‌دا به هه‌موو لایه‌کیان ڕاگه‌یاند.
کۆمیسیۆنی ته‌شکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای سپاس و پێ‌زانین بۆ سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان و ئافهرینگوتن به چالاکان و هه‌ڵسووڕاوانی دێموکرات له نێوخۆی وڵات، ده‌روه‌ستانه له هه‌ڵوێستی مافخوازانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان و په‌یامه پیرۆزه‌کانیان ده‌ڕوانێ.
سڵاو له ئیراده‌ی مافخوازانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان
ئافه‌رین بۆ هه‌ڵسووڕانی چالاکانی دێموکرات له نێوخۆی وڵات
سڵاو له یاد و ڕێبازی شه‌هیدان
حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمیسیۆنی ته‌شکیلات
٢٢ی پووشپه‌ڕی ١٣٩٥