سەرۆكی گشتیی بانكی ناوەندیی ئێران دەڵێ بانكەكانی ئێران چی دیكە بەرگەی ئەم دۆخە ناگرن، توانای ئاسانكاریكردنی بانكەكان بۆ مشتەرییەکانیان لە كزی داوە و لە ئێستادا تووشی قەیرانی پێكهاتەیی، ئاستەنگی ئیعتباری و گرفتی نەبوونی پارەی نەغد هاتوون.
وەلیوللە سەیف لە ڕێوڕەسمی كرانەوەی پێشانگایەكدا وێڕای ئاماژە بەم بابەتە گوتی سیستمی بانكیی لە بارودۆخی خۆڕاگری چۆتە دەرێ و بێتوو مشوورێک لەو کارە نەخورێ، دۆخەكە لەوەش خراپتر دەبێ.
سەرۆكی گشتیی بانكی ناوەندیی ئێران لە درێژەدا گوتی قەرزی بانكەكان لەسەر دەوڵەت، قەرزی وەرنەگیراوی بانكەكان لە خەڵك و داراییە غەیری ماڵییەكان كە لە ساڵانی ڕابردوودا لە نێو پێرستنامەی بانكەكاندا لەسەر یەكتر كەڵەكە ببوون، بوونەتە هۆی ئەوەی كە توانای پێدانی وامی بانكەكان كەم بێتەوە.
شایانی باسە کە پێشتریش ڕێكەوتی ١٨ی جۆزەردانی ئەمساڵ ناوەندی توێژینەوەكانی مەجلیس لە ڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاندبوو کە بارودۆخی نیزامی بانكیی ئێران لە قەیران دایە و لایەنە پێوەندیدارەكانی لە بابەت مەترسیی مایەپووچ هاتنەوە بانكەكانی ئێران وریا كردبۆوە.