خەڵکی کوردستان لە زۆربەی شارەکان یادی بیست و حەوت ساڵەی تێرۆری دوکتور قاسملوویان لە کەشێکی ماتەمینیدا بەڕێ کرد.
خەڵکی کوردستان لە حاڵێکدا لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملوو بە دەستی نێردراوانی کۆماری ئیسلامی لە چوونە بازاڕ خۆیان پاراست، کە لە چەند حەوتوو لەوە پێشەوە ناوەندە ئەمنیەتییەکان خۆیان بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ خەڵک و ئەو یادە ئامادە کردبوو.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێرانی کوردستان و کورد لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، لە بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممەوە تا درەنگ وەختی دوانیوەڕۆ هێزە ئەمنیەتییەکان، چ هێزی ئینتیزامی و چ لیباس شەخسی بەشێوەیەکی بەرچاو لە ئاستی شاردا جێگیر ببوون.
ئەو هێزانە بە زۆر دووکانیان بە خەڵکی بازاڕ دەکردەوە و رێگرییان لە داخستنی بازاڕ دەکرد و بە نیگەرانییەوە بارودۆخەکەیان خستبووە ژێر چاوەدێری، لەگەڵ ئەوەشدا لە زۆربەی شارەکان دووکان و بازاڕ لە پەراوێزی شارەکان داخران و خەڵک زووتر لە جاران بۆ نیوەڕۆ و ئێوارێ دوکانیان داخست.
نائاسایی بوونی بارودۆخی شارەکان. لە چۆڵبوون و کەمیی هاتوچۆی خەڵکڕا بگرە تا زۆری و زەوەندیی هێزە ئەمنیەتییەکان لە حاڵێک دابوو کە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە بانگەوازێکدا داوای لە خەڵکی کوردستان کردبوو لە هاتنە بازاڕ و شەقام خۆ ببوێرن و بە هەر جۆرێک کە بۆیان دەکرێ یادی شەهید دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو بەرز ڕابگرن.
ئەو بانگەوازەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شێوەی چالاکیی تەبلیغیی بەربەرینی لاوان و چۆلکردنی بازاڕ و شەقامەکان لە شارەکانی کوردستان بە ڕێژەیەکی زۆر بە باشی وەڵامی درایەوە.