له ٢٧ ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی دوکتور قاسملوودا حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به سمینارێک یاد و بیره‌وه‌ریی شه‌هیدانی ڤییه‌نی به‌رز ڕاگرت و به‌ڵێنی وه‌فا و درێژه‌دانی ڕێبازی شه‌هیدانی له‌گه‌ڵیان نوێ کرده‌وه.
له‌و سیمیناره‌دا که دوانیوه‌ڕۆی رۆژی دووشه‌ممه، ٢١ی پووشپه‌ڕ له ژێر ناوی ” قاسملوو وانه‌یه‌ک بۆ خه‌بات و چرایه‌ک بۆ داهاتوو” له یه‌کێک له بنکه‌کانی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان‌و به‌شداریی سه‌دان که‌س له کادرو پێشمه‌رگه‌کانی حیزب به‌ڕێوه‌چوو، کاک مسته‌فا مه‌ولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزب و کاک سمایل شه‌ره‌فی، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزب دوو باسیان له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ساڵیادی تێرۆری دوکتور قاسملوو و عه‌بدوڵلا قادریئازهر پێشکێش کرد.
پانێلگێڕی یه‌که‌می ئه‌و سمیناره کاک مسته‌فا مه‌لوودی بوو و باسێکی له ژێر ناوی ” مودیرییه‌تی دوکتور قاسملوو له به‌ڕێوه‌به‌ریی نێوخۆی حیزب” پێشکێش کرد.
کاک مسته‌فا مه‌ولوودی له سه‌ره‌تای باسه‌که‌یدا مه‌به‌ست له‌و باسه‌ی بۆ زیاتر ناسینی دوکتور قاسملوو لای نه‌وه‌ی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستان و فێربوون له وانه‌کانی نه‌مر قاسملوو بۆ درێژه‌دان به رێبازی گه‌ڕانده‌وه.
جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له باسه‌که‌یدا تیشکی خسته سه‌ر زۆر له وانه په‌روه‌رده‌ییه‌کانی دوکتور قاسملوو، پڕه‌نسیپ و فێرکارییه‌کانی که وایکرد به سیما و فه‌رهه‌نگی حیزبی دێموکڕات بناسرێن.
ڕۆڵی قاسملوو له سه‌ر دیاریکردنی ئامانجی دواڕۆژ، دروشمی ستراتیژی و تاکتیکییه‌کانی حیزبی دێموکرات له بڕگه جیاوازه‌کانی مێژووی خه‌بات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات و، واقعبینیی سیاسیی دوکتور قاسملوو له بڕیار و به‌رنامه پڕاکتیکه‌کان ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی باسه‌که‌ی کاک مسته‌فا مه‌لوودی له‌و سمیناره بوو.
تیشکخستنه‌سه‌ر بنه‌ما فیکرییه‌کانی دوکتور قاسملوو له داڕشتنی سیاسه‌تی تیوریک و به کرده‌وه‌ی حیزبی دێموکڕات ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی باسه‌که‌ی کاک مسته‌فا مه‌لوودی بوو.
به‌ڕێزیان له درێژه‌ی باسه‌که‌یدا له سه‌ر چه‌ند هێڵی گشتیی ئه‌ندێشه‌کانی دوکتور قاسملوو “باوه‌ڕی قووڵی دوکتور قاسملوو به‌وه‌ی کورد نه‌ته‌وه‌یه‌که و لێکیان دابڕاندوه،ڕه‌وابوونی یه‌کبوونه‌وه‌ی کورد له هه‌لومه‌رجی گونجاو‌دا، دێموکراسی وه‌ک ئامانج و کلیلی چاره‌سه‌ری پرسی کور له ئێران، پێویستیی خه‌باتی یه‌کگرتووانه‌ی هه‌موو حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌کانی کوردستان و چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵ” بۆ به‌شدارانی سمیناره‌که دوا.
جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له درێژه‌ی باسه‌که‌یدا هاته سه‌ر چۆنیه‌تیی مودیرییه‌تی حیزب له ڕوانگه‌ی دوکتور قاسملوو و له‌و پێوه‌ندییه‌دا باسی له “مودیرییه‌تی ئاگاهانه و زیندوو” و تێڕوانینه‌کانی شه‌هید قاسملوو بۆ ئه‌و باسه گرینگه کرد.
باسکردن له ” گرینگیی کار، که‌ره‌سته، توانای فه‌ردی له رێکخستنی جهمعیدا، ته‌شکیلات، ته‌بلیغات، دیپلۆماسی، قۆستنه‌وه‌ی هه‌ل و ده‌رفه‌ته‌کان، هه‌ڵبژاردنی جۆری خه‌بات” وه‌ک چه‌ند وانه‌یه‌کی فێرکاریی دوکتور قاسملوو له مودیرییهتدا؛ ته‌ورێکی دیکه‌ی باسه‌که‌ی کاک مسته‌فا مه‌لوودی بوو که له‌و سمیناره‌دا له‌سه‌ریان دوا.
دوای باسه‌که‌ی کاک مسته‌فا مه‌لوودی، سه‌روین فه‌تاحی، کچه پێشمه‌رگه و تازه‌لاوی شاعیر، په‌خشانه شێعرێکی له په‌سن و خۆشه‌ویستیی دوکتور قاسملوودا خوێنده‌وه.
کۆڕگێڕێکی دیکه‌ی ئه‌و سمیناره کاک سمایل شه‌ڕه‌فی، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی بوو که باسه‌که‌ی له ژێر ناوی” قاسملوو وه‌ک ڕێبازێک، ڕێبازی قاسملوو، درێژه‌دان و نوێکردنه‌وه” پێشکێش کرد.
کاک سمایل شه‌ره‌فی له سه‌ره‌تای باسه‌که‌یدا باسی له واقعبینیی له سیاسه‌ت وه‌ک یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه هه‌ره به‌رچاوه‌کانی که‌سایه‌تیی دوکتور قاسملووی کرد که له‌گه‌ڵ توانای به‌هێزی لێکدانه‌وه و خوێندنه‌وه، ئازایه‌تی له ده‌ربڕین و ئازایه‌تی له بڕیاردان که‌سایه‌تییه‌کی کاریزماتیکی له نه‌مر قاسملوو دروست کردبوو.
چۆنیه‌تیی درێژه‌دان به ڕێبازی شه‌هید قاسملوو و چۆنیه‌تیی نوێکردنه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی سه‌رده‌میانه بۆ رێبازی شه‌هید قاسملوو دوو ته‌وه‌ری دیکه‌ی باسه‌که‌ی ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌و سمیناره بوو که به‌ڕێزیان به نموونه هێنانه‌وه له باسه ڕۆژه‌ڤه‌کان له سه‌ریان دوا.