حەمەدەمین ئاگوشی، زیندانی سیاسیی کوردی بەندکراو لە زیندانی تەورێز نامەیەکی سەرئاوەڵای بۆ بۆ سەرۆکی ڕێکخراوی قەزایی هێزە چەکدارەکان نووسیوە.
ناوبراو لەو نامەیەدا باسی لە کێشە و گرفتەکانی خۆی و پێڕانەگەیشتن بە داواکانی کردوە و داوای لەو کاربەدەستەی دەزگای قەزایی کردوە ئاوڕ لە بارودۆخی بداتەوە.
حەمەدەمین ئاگوشی لە نامەکەیدا باسی لەو کێشانە کردوە کە لە ماوی ٨ ساڵ بەندکرانی لە دوورخراوەییدا تووشی خۆی و خێزانەکەی هاتووە و مەرگی هاوسەر و خۆکوژیی کچەکەی لێ کەوتۆتەوە و ئەو کێشانەی لە سۆنگەی بەندکرانی ئەو بنەماڵەکەی لەبەر یەک هەڵتەکاندوە.
ئەو با ئاماژە بە دژایەتیی کاربەدستانی زیندان لەگەڵ ئازادیی بەمەرجی ئەو دەڵێ لە کوێی ئێران کەسێک کە ١٠ ساڵ حوکمی درابێتێ و ٨ ساڵی کێشابێ و بەرپرسانی زیندان لێی ڕازی بن، بەڵام بە هۆی دژایەتیی داواکاری گشتی ڕێگە لە ئازابوونی بەمەرجی ئەو بگیردری؟
ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە کۆتایی نامەکەیدا بەرپرسایەتیی هەرچەشنە رووداو و پێشهاتێکی نەخوزراوی خستۆتە ئەستۆی داواکاری گشتیی ورمێ و داوای لەو کاربەدەستە قەزاییەی رێژیم کردوە کە بۆ خۆی بە پەروەندەکەی ڕابگا.