لە درێژەی کار و چالاکییە تەبلیغییەکانی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، لە ناوچەی ڕەبەت و مەریوانیش بە چالاکیی تەبلیغی یادی شەهیدانی ٢٢ی پووشپەڕ و هەموو شەهیدانی کوردستان بەر ڕاگیرا.
بەپێی هەواڵی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە شاری مەریوان ئەندامان و لایەنگرانی بەهەست و بوێری حیزبی دێموکڕاتی کوردستان سەرەڕای کەشی ئەمنیەتیی توندی شارەکە، بە چالاکیی تەبلیغی دڕیان بە شەوەزەنگی بێدادی و کەشی کپکراوی ئەو شارەدا.
لەو چالاکییەدا کە لە زۆر شوێنی شار بۆ نموونە لە کۆڵانەکانی دەورووبەری “مزگەوتی ئەبوبەكر سدیق، دارسەیرانی قەدیم، دەبیرستانی تالقانی، فەرمانداریی قەدیم و گەرەکی تازاوا” کراون،یاد و بیرەوەریی شەهیدانی ڤییەن بەرز ڕاگیرا.
لەو چالاکییە تەبلیغییەدا بە سەدان وێنە، دروشم و تڕاکتی تەبلیغیی حیزب لەو شوێنانە بڵاوکراونەتەوە و لە دار و دیوار دراون.
لە ناوچەی رەبەتیش ئەندامانی یەکیەتیی لاوانی دێموکڕاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور عەبدوڕەحمانی قاسملوو و عەبدوڵڵا قادریئازەر، چالاکیی تەبلیغییان کردوە.
لەو چالاکییە تەبلیغییەدا کە لە نێو شاری ڕەبەت و گوندەکانی “جبەڕەند”، “زمزیران” و “سارتکێ” کراون، بە نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی وێنەی شەهیدان،هەموو هەوڵی ناوەندە ئەمنیەتییەکان بۆ رێگری لە یادکردنەوەی شەهید قاسملوویان مایەپووچ کردەوە.
چالاکیی تێکۆشەرانی دێموکڕات لە مەریوان و ڕەبەت لە حاڵێک دایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لە شارەکانی پیرانشار، سنە و بۆکان سەرەڕای کەشی توندی ئەمنیەتی چالاکیی تەبلیغیی بەربەرین کرابوو.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو بۆنەیە دەسخۆشیی لەو پۆلە لە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە هەموو ئەو ناوچانەی کوردتان کردوە و سڵاوی بۆ ناردوون.