نوێنه‌رێکی مه‌جلیس باسی له بوونی ٥٢٠ پەروەندەی گه‌نده‌ڵیی ئاشکرا و بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی ٢٠ هه‌زار میلیارد تمه‌ن له ئێران له ده‌وڵه‌تی مه‌حموود ئه‌حمه‌دی نژاددا کردوه.
غوڵامعه‌لی جه‌عفه‌رزاده ئیمه‌ن ئابادی، نوێنه‌ری شاری ڕه‌شت له مه‌جلیس گوتی له ده‌وڵه‌تی ئه‌حمه‌دی نژاددا بڕه پاره‌یه‌کی زۆر که به پێی ئه‌م به‌ڵگانه‌ی له به‌ر ده‌ست دان، زیاتر له ٢٠ هه‌زار میلیارد تمه‌نه، بۆ ده‌ره‌وه‌ی ولات گوازراوه‌ته‌وه و له‌لای بانکه‌کان و ناوه‌نده ئابوورییه‌کان داندراون و له چه‌ندین حاڵه‌تیشدا له حیسابی تایبه‌تی که‌سانێک کراوه.
به قسه‌ی ناوبراو جگه له حه‌مید به‌قایی، جێگری جێبه‌جێکاری مەحموود ئەحمەدی‌نژاد، چه‌ند که‌سێکی دیکه‌ش له که‌سانی نزیکی مه‌حموود ئه‌حمه‌دینژاد ده‌ستیان له‌م گه‌نده‌ڵییه‌دا بووه.
له کاتی ده‌ستبه‌سه‌ر کرانی حه‌مید به‌قایی دا، مسته‌فا پوورمحه‌ممه‌دی وه‌زیری دادگوسته‌ریی ده‌وڵه‌تی حه‌سه‌ن ڕووحانی؛ ئیسفه‌ندیار ڕه‌حیم مه‌شایی، جێگری ده‌فته‌ری مه‌حموود ئه‌حمه‌دی نژادی به‌وه تاوانبار کردبوو که ده‌ستی له په‌روه‌نده‌ی گه‌نده‌ڵییە 3 هه‌زار میلیارد تمه‌نییەکەدا هه‌یه.
له لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌حمه‌د تورکان، جێگری ڕووحانی گوتبووی حه‌میدره‌زا به‌قایی که‌لکی خراپی له پۆسته‌که‌ی خۆی وه‌رگرتووه و له‌م ڕێگه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیدا داراییه‌کانی ده‌وڵه‌تی به‌کار هێناوه.
تورکان کۆمه‌ڵێک له به‌ڕێوه‌به‌ره‌کانی ده‌وڵه‌تی ئه‌حمه‌دی نژاد وه‌ک به‌قایی به‌وه تاوانبار کردووه که ئاماده نین ئه‌م “ئۆتۆمبێل و خانووبه‌ره و داراییانه”ی که له به‌ر ده‌ستیان دانابوون بده‌نه‌وه به ده‌وڵه‌ت و ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتوون.
کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی ڕووحانی پێیان وایه له په‌ڕاوێزخستنی مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵی له ده‌وڵه‌ته‌کانی نۆیه‌م و ده‌یه‌مدا ئامانجی سه‌ره‌کیی زوومکردنی راگه‌یه‌نه‌کان له‌سه‌ر بابه‌تی فیشی مووچە فیرعەونییەکانی به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌وڵه‌ته.