هه‌یئه‌تی ده‌وڵه‌ت پێش سه‌فه‌ر بۆ پارێزگای کرماشان رایگه‌یاندوە که نزیکه‌ی ٨٠٠ میلیارد تمه‌نی بۆ ئه‌م پرۆژانه دیاری کردوه که پێشتر په‌سند کرابوون، ئه‌وه له حاڵێکدایه که بۆ تەواوکردنی پرۆژه نیوه‌چڵه‌کانی کرماشان هه‌ر نه‌بێ ٥ هه‌زار میلیارد تمه‌ن بوودجه پێویسته.
چالاکانی سیاسی ده‌ڵێن له سه‌فه‌ری سه‌رکۆماردا قوڵینگی هیچ پرۆژه‌یه‌کی نوێ لێ نادرێ، چونکی بە سەدان پڕۆژەی نیوەچڵ بەهۆی نەبوونی بودجە وەلانراون.
به پێی دانپێدانی کارناسان و به‌م جۆره که له ئاماری ناوه‌نده ڕه‌سمییه‌کاندا هاتوە، له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا پارێزگای کرماشان له بواری گه‌شه و ئاوه‌دانییه‌وه هیچ پێشکه‌وتێکی به خۆیه‌وه نه‌بینیوه و ته‌نانه‌ت بۆ دواوه گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
له ماوه‌ی ساڵی ڕابردوو دا ئه‌م دواکه‌وتووییه له به‌شه‌کانی سه‌نعه‌ت، کار و شوغڵ، کشتوکاڵ و گه‌شتیارییه‌و زیاتر به‌رچاو بووە، به جۆرێک که به پێی راگه‌یاندنی ناوه‌ندی ئاماری ئێران ئه‌م پارێزگایه له بواری ریژه‌ی بێ‌کاری، قه‌یرانه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و سه‌رانه‌ی داهات له‌چاو هه‌موو پارێزگاکانی دیکه‌ی ئیران له بارودۆخێکی زۆر خراپتر دایه.
له مانگی ڕه‌زبه‌ری سالی ٩٠ له کاتی سه‌فه‌ری خامنه‌یی بۆ کرماشان بوودجه‌یه‌کی تایبه‌ت که زیاتر له ٨ هه‌زار میلیارد تمه‌ن بوو، بۆ به‌شه جۆراوجۆره‌کاندا بۆ ئه‌م پارێزگایه پەسەند کرا، به‌ڵام ئەوە تەنیا هەر لە چوارچیوەی قسەدا مایەوە و پاش تیپه‌ڕینی ٥ ساڵ تا ئێستا ته‌نیا ٣ هه‌زار و ٤٠٠ میلیارد تمه‌ن له‌م بوودجه‌یه دابین کراوه و نزیکه‌ی ٥ هه‌زار میلیارد تمه‌نی دیکه له‌م ئیعتبارانه‌ی سه‌فه‌ری خامنه‌یی که ده‌وڵه‌ت دابینکردنەکەی لە ئەستۆ گرتبوو، هه‌روا پشت گوێ خراوه و پرۆژه‌کان به نیوه‌چڵی ماونه‌ته‌وه.
شه‌هاب نادری نوێنه‌ری کرماشان له مه‌جلیس دەڵێ ئێمه چاوه‌ڕوانیمان هه‌یه که ده‌وڵه‌ت له پله‌ی یه‌که‌مدا جێبه‌جێکردنی پرۆژه په‌سندکراوه‌کانی پێشوو له ده‌ستووری کاری خۆیدا بگونجینێ، چونکی ئه‌وه کارێکی باش نییه که له وه‌ها بارودۆخێکدا و سه‌ره‌ڕای بوونی ئه‌م هه‌مووه پرۆژه ناته‌واوه، ده‌ست به پرۆژه‌ی نوێ بکرێ.
نادری وه‌ک چه‌ند نموونه‌یه‌کی دیکه له ئه‌وله‌ڤیه‌ته سه‌ره‌کییه‌کانی پارێزگای کرماشان له سه‌فه‌ری هه‌یئه‌تی ده‌وڵه‌ت ئاماژه‌ی به پێویستیی تەواوکردنی ئاسنه‌ڕێی ڕۆژاوای ئێران، “کارخانه‌ی لاستیک سازیی زاگرۆس” و “ناوچه‌ی ئازادی قه‌سری شیرین” کردوە.