كۆڵبەرێكی تەمەن ١٧ ساڵ لە ناوچەی ئالانی سەردەشت بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان، هێدی ئیسماعیلی، کاسبکاری تەمەن ١٧ ساڵی کورد، ئێوارەی دوێنێ شەممە، ١٩ ی پوشپەڕ لە ناوچەی ئالانی سەردەشت لەلایەن هیزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دراوەتە بەر دەستڕێژ و بە توندی بریندار بووە.
ئەو ڕووداوە لە گوندی “مێرگاسە”ی ناوچەی ئالان ڕووی داوە و هێدی لە کەمەر بەرەو ژوور بە توندی بریندار بووە و ئێستا لە نەخۆشخانەی سەردەشت لەژێر چاودێریی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دایە.
چالاکانی کورد دەڵێن کۆماری ئیسلامی بە کوشت و کوشتاری کۆڵبەرانی کورد، لە هەوڵێ ئەوە دایە لە ناوچە سنوورییەکان هیچ کەسێک کاسبی نەکا و ناوچەکە بکاتە ناوچەیەکی نیزامی، ئەمە لە حاڵێک دایە کە لە بازاڕچەی سنووریی سەردەشت هەزاران کەس لە ڕێگەی کۆڵبەرییەوە بژیوی خۆیان دابین دەکەن.
ئامارە ڕەسمییەکان دەڵێن نیزیک بە ١٥٠٠ کەس لە ناوچە سنوورییەکان بە کۆڵبەری بژیوی ژیانی خۆیان دابین دەکەن، بەڵام سەرچاوە ناوچەییەکان دەڵێن ئەو ئامارە زۆر لەوەندە زیاترە.