کەمیی قوتابخانە و پۆلەکانی خوێندن لە زۆر شوێن و گەڕەکی نایسەری سنە کێشەی بۆ خەڵک دروست کردوە.
ڕۆژنامەی هەمشەهری کە ڕاپۆرتێکی مەیدانیی لەو کێشەیە بڵاو کردۆتەوە، زیاتر لە ٣٠٠ قوتابیی کچی دەبیرستانی “حوسێن عەلیزادە” لە شارەکی نایسەر سەرگەردانن و نازانن دەبێ لە کوێ ناونووسی بکەن.
عەبدوڵلا مرادی، یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی ئۆمەنای ئەو قوتابخانەیە دەڵێ بەبێ ئاگاداریی ئەوان ئیدارەی پەروەردە بڕیاری داوە کە قوتابیی نوێ لەو خوێندنگەیەدا نانووس بکرێن و قوتابیانی ساڵانی ڕابردوو لە نێو شار ناونووس بکرێن کە لە نایسەر یەکجار دوورە.
ئەو دەڵێ بۆ چارەسەری کێشەکەش ڕوو لە هەر شوێنێک دەکەیەین حەواڵە بە گەواڵەمان پێدەکرێ و تاوانەکە دەخەنە ملی یەکتری.
باوکی قوتابییەکی دیکەی ئەو شارۆچکەیە دەڵێ جۆری ڕوانینی کاربەدەستان بۆ منداڵانی پەراوێزی شار جیاوازە و فەڕق و جیاییان لە نێواندا دادەنێن. دەراوی زاریان زۆر ناخۆشە و کاتێک پێیان دەڵێین ناتوانین کرێی هاتوچۆی منداڵەکانمان بۆ قوتابخانە دابین بکەین، پێمان دەڵێن بە جەهەندەم، ئەوە کێشەی خۆتانە.
خێرخوازێکی دانیشتووی نایسەر دەڵێ بیانووی کاربەدەستان نەبوونی شوێن و کەمیی قوتابخانەیە، ئەمن پارچە زەوییەکی باشم بۆ دروستکردنی قوتابخانە پێشکێش بە ئیدارەی پەروەردە کردوە، کەچی نایەن دروستی بکەن.
کەسێکی دیکەی خەڵکی نایسەر دەڵێ دانیشتووانی ئەو گەڕەکە زۆربەیان دەستکورت و هەژارن و لە توانایاندا نییە ڕۆژانە ١٠ هەزار تمەن کرێی هاتوچۆی چوونە قوتابخانەی منداڵەکانیان بدەن.