جێگری پارلمانیی سه‌رکۆماری ئیران، دژبه‌رانی ده‌وڵه‌تی به‌وه تاوانبار کردوە که تەنیا به مه‌به‌ستی پووشبەسەرکردن و له بیربردنەوەی په‌روه‌نده خه‌یاڵی و زه‌به‌لاحه‌کانی گه‌نده‌ڵیی ماڵیی که له رابردوودا کراون، په‌ره به مه‌سه‌له‌ی فیشی مووچه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ران ده‌ده‌ن.
ڕۆژی شه‌ممه ١٩ی پووشپه‌ڕ، مه‌جید ئه‌نساری له پرێس کۆنفرانسێکدا پشتڕاستی کرده‌وه که په‌روه‌نده‌کانی گه‌نده‌ڵیی ماڵیی که له ده‌وڵه‌تی رابردوودا هاتنه بەرباس، وه‌ک په‌روه‌نده “١٠ هه‌زار میلیاردی و ٣ هه‌زار میلیاردییه‌کان و په‌روه‌نده‌ی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمه‌ڵایه‌تی” به‌م زووانه له زه‌ینی خه‌ڵک ناشۆرێنه‌وه و ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ په‌روه‌نده قه‌زایی و حوقووقییه‌کانی ئه‌م گه‌نده‌ڵییانه هه‌ر له گۆڕێن.
ئه‌نساری هه‌روه‌ها گوتی: ” له بابه‌ت مه‌سه‌له‌ی ئه‌م فیشانهش ئه‌م ڕۆژانه ده‌بینین هێندێک که‌س له قسه‌کانیاندا په‌نایان بۆ سوێندی حه‌زره‌تی عه‌بباس بردووه، پێم سه‌یره ئه‌م نوێنه‌رانه که له مه‌جلیسی نۆیه‌مدا ده‌سه‌ڵاتیان به ده‌ست بوو، ئه‌وه چۆنه که کاتێک هاوبیره‌کانیان له ده‌وڵه‌تی ڕابردوودا ئەو هەمووە گەندەڵییەیان لێ ئاشکرا بوو و ره‌گ و ڕیشه‌ی زۆربه‌ی ئه‌م کێشانەی ئێستا لەو کاتدا داکوتران، وەک ئێستا لەسەر هەست نەبوون و هاواری “یاللمسلمین”یان به‌رز نه‌کرده‌وه.
جێی باسە ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٥ی جۆزه‌ردانیش، محه‌ممه‌دباقر نۆبه‌خت، وته‌بێژی ده‌وڵه‌ت له کاردانه‌وه به‌م ڕاپۆرتانه که به دژی ده‌وڵه‌تی ڕووحانی بڵاو ده‌کرێنه‌وه وه‌ک “مووچه چه‌ند سه‌د میلیۆنییهکان”ی چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌ر باسی له بوونی “ژوورێکی فکری” کردبوو که به “مه‌به‌سته سیاسییه‌کان” به دژی ده‌وڵه‌ت پێک هاتووه و هه‌موو ڕۆژێکی شه‌ممه دیاری ده‌کا که ده‌بێ چ ڕووداوێک بۆ ئەو حەوتوویە بێته پێشێ.