هه‌نگی سنووریی پیرانشار کاسبکارانی سه‌ر سنووری له‌م ناوچه‌یه داوه‌ته به‌ر ده‌ستڕێژ و به‌م هۆه‌وه زیاتر له ٣٠ سه‌ر له وڵاغه‌کانیان کووژراون و کۆمه‌ڵێکی زۆریشیان له شتوومه‌کی ئه‌م کاسبکارانه به تاڵان بردوه.
به‌پێی ڕاپۆرتی ناوه‌ندی دێمۆکراسی و مافه‌کانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشه‌ممه ١٦ی پووشپه‌ڕ، هێزه‌کانی هه‌نگی سنووریی پیرانشار ته‌قه‌یان له کاسبکارانی بێده‌ره‌تانی سه‌ر سنوور کردوه و له ڕه‌وتی ئه‌م په‌لاماره‌دا جگه له به تاڵان بردنی ماڵ و دارایی ئه‌وان له لایه‌ن ئه‌م هێزانه‌وه، زیاتر له ٣٠ سه‌ر له وڵاغه‌کانی ئه‌م کاسبکارانه کوژراون.
به‌پێی ئه‌م ڕاپۆرته له نزیک ئاوایی “کێله‌سیپان”یش له‌لایه‌ن هه‌نگی سنوورییه‌وه بڕێکی زۆر له شتوومه‌کی کۆڵبه‌ره‌کانیان به تاڵان بردوه.
به تاڵانبردنی بار و شتومه‌کی ئه‌م کۆڵبه‌رانه له حاڵێک دایه که ئه‌م بارانه ئی خۆیان نین و ئه‌وان به کرێ کار بۆ که‌سانێکی دیکه ده‌که‌ن.
شایانی باسه به هۆی نه‌بوونی هه‌لی کاری له ناوچه سنوورییه‌کان، خه‌ڵک به ناچار ڕویان له کاری پڕ مه‌ترسیی کۆڵبه‌ری کردوه.