بەداخەوە دوو پێشمەرگەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی مەریوان شەهیدبوون.
دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا هەواڵی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی خۆی بە ناوەکانی کاوە جەوانمەرد و سەرکەوت سەمەدی ڕاگەیاند.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە ئەو دوو پێشمەرگەیە کە لە تیمی شەڕەکەی کۆساڵان هەڵبڕابوون، ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی پووشپەڕ دوای دوورکەوتنەوە لە شوێنی شەڕەکە و جێگیربوونیان لە نێزیک ئاوایی “بۆڕییەر” لە لایەن جاش و پاسدارەکان و بە پشتیوانی تۆپخانە و مۆشەکی کاتیوشا و چەکی جۆراوجۆر گەمارۆ دراون و دوای شەڕ و بەرگرییەکی زۆر بەداخەوە شەهید بوون.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەبۆنەی شەهیدبوونی کاوە جەوانمەرد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حدکاو سەرکەوت سەمەدی ، کادری بەوەجی ئەو حیزبە سەرەخۆشی لە بنەماڵەو کەسوکار و هاوسەنگەرانیان دەکاو خۆی بەبەشداری خەمیان دەزانێ.