نوێنەرانی ناڕازی لە کۆنگرەی ئەمریکا لە رێککەوینی بوئینگو ئێران لەسەر گەڵاڵەیەک قسە دەکەن کە ئەگەر بێتوو پەسند بکرێ ڕێ لە فرۆشی فڕعکەی بوئینگ بە ئێرانو زۆربەی فڕۆکە مسافیرهەڵگرە مۆدێڕنەکانی دیکەی ئێران بەو وڵاتە دەگرێ.
نوێنەرانی کۆنگرەی ئەمریکا لە سەر سێ کۆسپ بۆ رێگری لە فرۆشی فڕۆکەکانی بوئینگ بە ئێران قسە دەکەن، یەکەمیان رێگری لە پێدانی ئیزننامە لە وەزارەتی خەزێنەداری، دووهەمیان کۆسپێک بۆ ڕاگرتنی بڕیاری ئیزندان بە گواستنەوەی پووڵ لەلایەن ئەو وەزارەتخانەیەو سێهەمیش بریتییە کە دانانی کۆسپ بۆ بانکی هەناردە و هاوردەی ئەمریکا بۆ بازرگانی لەگەڵ ئێران.
لە پێوەندی لەگەڵ سێهەم کۆسپدا بێتوو ئەوە ببێتە قانوونو پەسند بکرێ، بانکی هەناردەو هاوردەی ئەمریکا ناتوانێ هیچ چەشنە مامەڵەو سەودایەکی لەگەڵ کەسانو لایەنەکانی حقووقیو حەقیقی لە ئێران هەبێ؛ هەروەها ئەو بانکە مافی پێدانی خزمەتگوزاری بە شیرکەتەکانی دیکەی بۆ گواستنەوەی دراو بۆ ئێران نابێ.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز دەڵێ ئەگەر ئەم قانوونە پێشنیارییەی نوێنەرانی کۆنگرە پەسند بکرێ، کاریگەریی لەسەر شیرکەتەکانی دیکەش دەبێ، چونکی هەر نەبێ زیاتر لە سەددی ١٠ ی هەموو کەرەستەو تێکنۆلۆژییەکانی هەموو فڕۆکە مۆدێڕنەکانی دنیا بەرهەمی ئەمریکایەو هەر ئەوەندەش وا دەکا کە ئەوان بۆ فرۆشتنیان داوای ئیزننامە لە ئەمریکا بکەن.
بەپێی لێکدانەوەکان نوێنەرانی دێموکڕاتی کۆنگرەو هەروەها دەوڵەتی ئۆباماش لە دژی ئەو قانوونە بوەستنەوە.
دژبەرانی فرۆشی هەواپەیما بە ئێران دەڵێن کە نیگەرانی ئەوەن هەندێ شیرکەتی وەک “ئیران ئایر” یان ” ماهان” لە ژێر ناوی گەشتی تیجاری یان نەفەرگواستنەوە چەکو تەقەمەنی بۆ سووریەو لوبنانو وڵاتانی دیکە ڕاگوێزن.
ئەمریکا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی سەبارەت بە پشتیوانی لە حیزبوڵلای لوبنانو هەروەها دەستێوەردانەکانی سپای قودس لە وڵاتانی دیکە خستۆتە لیستەی ڕەشو بە گەورەترین پشتیوانی تێرۆریسمی دەناسێ لە دنیادا.