موحسین بیگلەری، نوێنەری شاری سەقزو بانە لە مەجلیس داوای لە وەزیرەکانی کار و ئابووری کرد دەست لە پۆستەکانیان بکێشنەوە.
ئەو ئەندامەی سەرۆکایەتیی کۆمیسیۆنی بەرنامەو بودجەی مەجلیس لە پێوەندی لەگەڵ هەرای فیشەکانی مووچەدا لە وتاری نێوان دەستووری خۆی لە مەجلیس گوتی ئەو دوو وەزیرە سەرەڕای هەموو لادانو بێقانوونییەکان کە لەو دوو وەزارەتخانەیەدا کراوە، نەک هەر دەستیان لە کار نەکێشاوەتەوە بەڵکوو تەنانەت بە خشکەش داوای لێبوردنیان نەکردوە.
ئەو لە درێژەی قسەکانی خۆیدا بە ڕەدکرەنەوەی ئامارە ڕەسمییەکان لە پێوەندی لەگەڵ بێکاریدا، گوتی: بێکاری لە هەندێ ناوچە لە بێبەشەکان لە سەدا ٥٠ تێپەڕیوە، ئەویش بێکاریی کەسانێک بە بڕوانامەی لیسانس، فەوقە لیسانسو تەنانەی دوکتوڕا؛ بۆیە کاردانەوەی خەڵک بەو فیشانەو مووچەی دەیان میلیۆنیی بەڕێوەبەرانی دەوڵەت لە جێی خۆی دایە.
ئەو نوێنەرەی مەجلیس لە درێژەی وتارەکەیدا گوتی: لە وڵاتێکدا کە بە هەزاران فەوقە لیسانسی ئامادەن مانگێ بە ٥٠٠ هەزار تمەن کار بکەن، بە مووچەی ٢٥٤ میلیۆن تمەنیی ئەو بەڕێوەبەری بانکە دەکرێ ٥٠٠ لاو دابمەزرێن.
بیگلەری گوتی لە وڵاتێکدا کە ئاماری خۆکوژییەکان بەهۆی بێکاریو کێشەی بژیو هەردێو زیاد دەکا، وەزیری ئابووریو کار دەبوا دەسبەجێ وازیان لە پۆستەکانیان هێناباو دەستیان لە کار کێشابایەوە.
ئەو دانی بەوەش دانا کە لەگەڵ ئەوەی مووچەی کارمەندەکانی دەوڵەت یەک میلیۆنو ٥٠٠ هەزار تمەنو، مووچەی کرێکاران ٨٠٠ هەزار تمەنە، بەڵام هێڵی هەژاری لە شارەکان لە دوو میلیۆن تمەن زیاترە.