باوکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، ١٦ی پووشپەڕ کاک خەلیل زیبایی، باوکی کاک ئامانج زیبایی، پێشمەرگەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بە هۆی نەخۆشییەکی کتوپڕ کۆچی دوایی کرد.
کاک خەلیل زیبایی کەسێکی دڵسۆزی نیشتمانو هۆگری خزمەت بە خەڵکو نەتەوەکەی بوو. ئەو کە ماوەی چەند ساڵان لە بەرپرسانی ئیدارەی مخابەراتی سەردەشتو مەهاباد بوو، وەک کارمەندێکی جێی ڕێز و حورمەتی خەڵک بەو پەڕی دڵسۆزییەوە خزمەتی خەڵکەکەی دەکرد.
نیشتمانپەروەری، حیزب خۆشەویستیو باوەڕ بە ڕێبازی دێموکرات بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەیی لای کاک خەلیل وایکردبوو کە ئەندامانی بنەماڵەکەشی بە هەستێکی تەواو کوردانە پەروەردە ببن؛ هەر بۆیەش پاش ئەوەی کە زانی ئامانجی کوڕی لە ڕیزی تێکۆشەرانی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا کار دەکا، بە خۆشحاڵییەوە پشتی کوڕەکەی گرت.
کاتێکیش کە هاوڕێ ئامانج بەهۆی ئاشکرابوونی لە تەشکیلاتی نهێنیدا ڕیزی تێکۆشەرانی ئاشکرای حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی گرتەبەر، وەک قەڵایەکی خۆڕاگر لە پشتی کوڕەکەی راوەستاو، هەر دەم پاڵپشتو پشتیوانی کوڕەکەی بوو، تەنانەت بۆ خۆشی وەک ئەندامێکی چالاکی حیزب ئەرکو بەرپرسایەتیی دەگرتە ئەستۆ، تەنانەت لەسەر ئەوەش چەند جار بانگ کرایە ئیدارەی ئیتلاعاتو خرایە ژێر گوشارو ساڵی ٩٢ گیراو حوکمی شەش مانگ زیندانیی تەعزیریی بەسەردا سەپاو ماویەک لەگەڵ شەهید مەنسوور ئاروەند لە بەندێکدا ڕاگیرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەبۆنەی مەرگی ناوەختی کاک خەلیل سەرەخۆشی لە بنەماڵەو کەسوکاری، بە تایبەت هاوڕێی پێشمەرگەکان کاک ئامانج زیبایی دەکاو خۆی بە شەریکەخەمیان دەزانێ.