بەهۆی پەلاماری مووشەکی بۆ سەر کەمپی لیبرتیی رێکخراوی مجاهدین، زیاتر لە ١٠ کەس لە دانیشتووانی ئەو کەمپە بریندار بوون.
ئەو پەلامارە موشەکییە بووە هۆی وێرانیی زۆر لەو کەمپەو، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە بەشێکی زۆر لە شوێنو تەئسیساتی ئەو کەمپە سووتانو لەنێو چوون.
ماڵپەڕی ڕەسمیی مجاهیدین بە بڵاوکردنەوەی چەند ڕاپۆرتێک لەو هێرشە دەڵێ لەو پەلامارەدا زیاتر لە ٥٠ مووشەک لە کەمپی لیبرتی هەڵکراون کە بەشێک لەوان لە دەرەوەی کەمپەکە وەعەرزی کەوتوون. هەروەها ئەو پەلامارە دوای ٨ ڕۆژ گەمارۆدرانی کەمپەکە بووەو دوای ئەوە ڕووی داوە کە لەو ماوەیەدا هێزە ئەمنیەتییەکانی عێڕاق نەیانهێشتووە خواردن، دەرمانو سوتەمەنی بۆ ئەو کەمپە بچێ.
ماڵپەڕی رەسمیی مجاهیدین دەڵێن ئەو گەمارۆیە ئێستاش درێژەی هەیە.
مریەم ڕەجەوی، لە ڕێبەرانی دیاری مجاهیدن لە کاردانەوە بەو پەلامارە داوای لە شوڕای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتوەکان، یەکیەتیی ئورووپاو وڵاتانی دیکە کردوە کە کاردانەوەی توندیان بەو هێرشە هەبێو مەحکومی بکەن.
مریەم ڕەجەوی دەڵێ ئێستا دوای ئەو زنجیرە پەلامارە کە هیچ گومانێک لە نیازی کۆماری ئیسلامی بۆ قەتلوعامی زیاتری دانیشتووانی ئەو کەمپە نەماوە، پێویستە ئەمریکاو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رێکاری گونجاو بۆ پاراستنی ئەمنیەتو ژیانی دانیشتووانی کەمپی لیبرتی بگرنە بەر.
هێرش بۆ سەر کەمپەکانی مجاهیدن لە خاکی عێڕاق پێشتریش ڕووی داوەو لە توندترینی ئەو پەلامارانەدا، ڕۆژی ١ ی سێپتامبری ٢٠١٣ لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هێرشێکی قورس کرایە سەر کەمپی لیبرتی. لەو پەلامارەدا نیزیک بە ٧٠ کەس لە ئەندامانی مجاهیدن کوژران. سپای پاسدارانیش دوای ئەو پەلامارە خۆشحاڵیی خۆی نەشاردەوەو دەستخۆشی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی بنباڵی خۆی کرد کە ئەو زەبرەیان لە مجاهیدین داوە.
شایانی باسە تا ئێستا زۆر لە حیزبە سیاسییەکانی کوردستانیو ئێرانی ئەو هێرشانە بۆ سەر کەمپەکانی مجاهیدین لە خاکی عێڕاقیان مەحکوم کردوەو داوایان لە حکومەتی عێڕاق کردوە ئەمنیەتی چالاکانی سیاسیی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە خاکی ئەو وڵاتەدا بپارێزێ.