ئەییوب ئەسەدی، زیندانیی سیاسیی کوردی دوورخراوە بۆ زیندانی کاشمەر لە سەر داواو پێداگریی زۆری بنەماڵەکەی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.
ئەییوب ئەسەدی کە بەهۆی نەخۆشیی ئاسم، دیسکی کەمەرو نەخۆشیی ڕیخۆڵەکانی لە بارودۆخێکی جەستەیی زۆر خراپدا بەسەر دەبا، بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەو دۆخەو خۆبواردنی کاربەدەستان لە چارەسەری نەخۆشییەکانیو؛ هەروەها پێنەدانی مەرەخەسیو سەپاندنی سزای ناعادڵانەی ٢٠ ساڵ زیندان مانی لە خواردن گرتبوو.
ئەو کە لە ڕۆژی ١٦ی جۆزەردانەوە مانی گرتبوو، دۆینێ دوای ٢٩ ڕۆژ مانگرتنەکەی شکاند. کەسێکی نیزیک لە بنەماڵەکەی دەڵێ کاربەدەستانی زیندان وەڵامی داواکانی ئەییوبیان نەدەداوە، هەروەها داستانی مەشهەدیش گوتبووی ئەگەر بشمرێ هیچی بۆ ناکەین، بەڵام دوای بەردەوامیی ئەییوب لە مانگرتنەکەی بەرپرسانی زیندان وادەی ئەوەیان داوەتێ لە چەند مانگی داهاتوودا بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی بەڕێی نەخۆشخانەیەک لە دەرەوەی زیندان بکرێ.
شایانی باسە داواکانی دیکەی ئەییوب وەک ناردنە مەرەخەسیو پیداچوونەوە بە حوکمی ٢٠ ساڵ زیندانەکەی هیچ ئاورێکی لێ نەدراوەتەوە.
ئەیووب ئەسەدی كە ئێستا پێنجەمین ساڵی حوكمەكەی لە زیندانی كاشمەردا تێپەڕ دەكا، ساڵی ١٣٩٠ لە یەكێك لە ئاواییەكانی سنە گیراو دواتر بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی دژبەری كۆماری ئیسلامی دادگایی کرا و سزای ٢٠ ساڵ زیندانیی لە دوورخراوەییدا بەسەردا سەپا.