لە سنەو نەغەدە چەند کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە کارو بڕیارەکانی بەرپرسانی دەوڵەتی گیرا.
پۆلێک لە کرێکاری داخوازی کارکردن لە شیرکەتی نان سەنعەتیی لە سنە بەهۆی درێژبوونی ماوەی ناڕوونی دامەزرانیان لە حەرەکەتێکی ئیعترازیدا داوای پێڕاگەیشتن بە داواکانیان بوون.
یەک لەو کرێکارانە دەڵێ لە چەند مانفی ڕابردوودا نیزیک بە ٢٧٠ کەس بۆ کارکردن لەو شیرکەتە ناونووسییان کردوە، بەڵام ئێستاش چارەنووسیان ڕوون نەکراوەتەوە.
شیرکەتی نان سەنعەتیی سنە بڕیار وابوو لە شارەکی سەنعەتیی ژمارە ١ ی سنە دەستبەکار بێو سێ ساڵ لەوە پێش دوای وەرگرتنی وامێکی ٥ میلیارد تمەنی، دەستی بە ناونووسی لە کەسانی خوازیاری کار لەو شیرکەتەدا کردبوو.
دۆینێ دووشەممە، ١٤ ی پووشپەڕیش لە شاری نەغەدە کۆمەڵێک لە خەڵکی نێوشارو گوندەکانی دەورووبەر، بە تایبەت ناوچەی “سەروستان” لە بەر دەم فەرمانداریی ئەو شارە کۆبوونەوە. ناڕەزایەتیی ئەوان سەبارەت بە ناخاوێنیی ئاوی خواردەوەی نێو شەبەکەو هەڵبڕانی بەردەوامی ئاو لەو گەڕەکانەو ناوچانە بووە.
خەڵکی نێوشاری نەغەدەو گوندەکانی دەوروبەری لەو کۆبوونەوەیەدا دەڵێن ئەوان بەردەوام پووڵی ئاوی خۆیان داوە ، کەچی ئیدارەی ئاو هیچ کارێک بۆ پیسیی ئاوی خواردنەوەیان ناکا، ئاوی ئەوان یان نییە، یان ئەگەر هەشبێ هیند لیڵو پیسە بۆ خواردنەوە نابێ.
هەر هەمان ڕۆژ بەشێک لە وەرزێڕەکانی شاری نەغەدەش بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە پێنەدانی پووڵی چەوەندەرەکانیان کە ڕادەستی کارخانەیان کردوەو، هەروهەا حەقی چاندنی چەوەندەرەکانی ئەمساڵیان، لەبەردەم کارخانەی قەندی ئەو شارە کۆبوونەوە.
وەرزێرانی ناڕازی لەو کۆبوونەوەیەدا چەند پلاکاردێکیان هەڵگرتبوو کە لە سەریان نووسرابوو؛ ئێستاش قەرزی ساڵی ڕابردوویان لەسەر کارخانەی قەند ماوەو کارخانەی قەند بە تەمایە کەی قەرزەکانی پاک بکاو کێ دەبێ جوابی ئەو خەڵکە بداتەوە؟