دەوڵەتی حەسەن روحانی لە بەرامبەر فشاری قەرارگای خاتەمولئەنبیای سەر بە سپای پاسداران لە پێدانی پڕۆژە نەوتییەکاندا پاشەکشەی کرد.
لە حاڵێکدا کە ئێستاش دەمەتەقەی کاربەدەستان لەسەر جۆری نوێی گرێبەستە نەوتییەکان درێژەی هەیە، وەزارەتی نەوت ڕایگەیاند کە شیرکەتەکانی سەر بە “قەرارگای خاتەمولئەنبیا”و ” بنیاتی بەرەکەت”یش دەتوانن لە پڕۆژە نەوتییەکاندا بەشدار بن.
لەگەڵ هاتنەسەر کاری دەوڵەتی حەسەن روحانیدا، وەزیری نەوتی نوێ، بیژەن زەنگەنە ڕایگەیاند کە قەرارگای خاتەمولئەنبیا نابێ بەشداری پڕۆژە نەوتییەکان بێ. زەنگەنە بۆ رێگری لە دەستبەسەرداگرتنی مەیدانە نەوتییەکان لەلایەن سپای پاسدارانەوە، باشگای بەرێوەبەرانی وزەی بە بەشداریی کۆمەلێک لە بەڕێوەبەرە دەوڵەتییەکانی نیزیک لە خۆی دامەزراندو کاری بازاڕیابی بۆ گرێبەستە نوێیەکانی بەو گرووپە سپارد.
لەولاش نوێنەران مەجلیس سەر بە باڵی ئوسولگەراکانو میدیاکانی سەر بە سپای پاسداران جاڕی ئەوەیان دا کە گرێبەستە نوێیەکانی وەزارەتی نەوت ” ڕێگەکردنەوە بۆ بیانییەکانو هەرزانفرۆشکردنی نەوت”ەو فشارێکی زۆریان خستە سەر دەوڵەت تا بەو گرێبەستانەدا بچێتەوە. هەر لە درێژەی ئەو فشارانەدا جێگری سەرکۆماری ئێران بڕیاری پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی دا.
ئێستا بەپێی قسەکانی جێگری وەزیری نەوتی ئێران قەرارگای خاتەمولئەنبیا و بنیاتی بەرەکەت، دوو کارتێلی گەورەی ئابووریی سەر بە سپای پاسدارانیش دەتوانن بەشداری لە جێبەجێکردنی پڕۆژە نوێیەکانی نەوتو گازی ئێراندا بکەن.
شایانی باسە ئێران ڕایگەیاندوە کە بەپێی گرێبەستە نەوتییە نوێیەکان دەیەوێ ئاستی بەرهەمهێنانی خپی بۆ زیاتر لە ٤ میلیۆنو ٨٠٠ هەزار بۆشکە لە رۆژدا بەرز بکاتەوە.