شکایەتو بەدواداچوون بۆ لادانو گەندەڵییەکانی مەحموود ئەحمەدینژاد بێ ئاکامە.
دوای ئەوەی نوێنەرێکی مەجلیس ڕایگەیاند کە نیزام لە دادگاییکردنی مەحموود ئەحمەدینژاد دەترسێ، مەحمود سادقی، نوێنەری شاری تاران لە مەجلیسیش ڕایگەیاند کە سەرەڕای ئەوەی سەرکۆماری پێشووی ئێران لە هەندێک لە پەروەندەکاندا بە تاوانبار ناسراوەو حوکمی لە دژی دراوە، بەڵام ئەو حوکمانە ناچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
مەحموود ئەحمەدینژاد، سەرکۆماری پێشووی ئێران پشتیوانیی تایبەتو بێ ئەملاو ئەولای خامنەیی لە پشت بوو.
مەحموود سادقی، نوێنەری تاران لە مەجلیس دەڵێ تا ئێستا سێ پەروەندە لە “دیوانی محاسبات”دا لە دژی ئەحمەدینژاد کراوەتەوەو حوکمیان لەسەر دراوە، بەڵام ئەو حوکمانە نە ڕادەگەیەندرێنو نە دەشچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەو نوێنەرەی مەجلیس باسی لە بەدواداچوونی مەجلیس بۆ گەندەڵییە ئابوورییەکانی پێشوو کردوەو دەڵێ زۆر لە بڕیارو پەسەندکراوەکانی هەیئەتی وەزیران لە دەوڵەتەکانی نۆیەمو دەیەمی مەحموود ئەحمەدینژاددا ناتەبایی ئاشکرای لەگەڵ قانوونی بنەڕەتیی وڵاتو قانوونە ئاساییەکانی دیکەی وڵات بووە.
فازڵ مووسەوت، ئەندامی پێشووی کۆمیسیعنی ئەسڵی ٩٠ی مەجلیس پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لێنەپرسینەوەی دەزگای قەزایی لە لادانو گەندەڵییەکانی مەحموود ئەحمەدینژاد بۆ ترسی دەزگای قەزایی لە ناوبراو دەگەڕێتەوە.
ئەمجۆرەی کە مووسەوی باسی دەکا ئەحمەدینژاد لەو کاتەدا کە موسلحیی لەسەر کار وەلا نا، توانی کۆمەڵێک زانیاریی زۆر وردو گرینگی لەو وەزارەتخانەیە دەست کەوێ؛ هەر بۆیەش جومگەو خاڵی لاوازی زۆر کەسو لایەنی کەوتۆتە بەردەستو، ئێستاش کەس ناوێرێ پێی بڵێ پشتی چاوت برۆیە.
شایانی باسە کە کۆمیسیۆنی ئەسڵی ٩٠ ی مەجلیس لە ٢٨ی جۆزردانیشدا باسی لە ونبوونی ١٧ پەروەندەی لادانو گەندەڵیی ئابووریی دەوڵەتەکانی نۆیەمو دەیەمی مەحمودی ئەحمەدینژادی لە نێو دەزگای قەزاییدا کردبوو.