ڕێكخراوی چاوەدێریی مافەكانی مرۆڤی سووریە لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندوە كە لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا لە ناوچە جۆراوجۆرەكانی ئەم وڵاتە، ٦٥٦٧ کەسی مەدەنی كوژراون. ڕاپۆرتەکە دەڵی زۆربەی ئەم كەسانە لەلایەن هێزەكانی ڕێژیمی ئەسەدەوە بوونەتە قوربانی.
ئەم ڕێكخراوە ڕایگەیاندوە لە مانگی ڕابردوودا ١٢٧١ کەسی بێدیفاع لە ناوچە جیاجیاكانی سووریە گیانیان لە دەست داوەو بەم جۆرە ئاماری قوربانیانی مەدەنیی ئەم وڵاتە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ وە تا ئێستا گەیشتە ٦٥٦٧ كەس.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هێزەكانی ڕێژیمی ئەسەدو میلیشیاکانی وەک حیزبوڵای لوبنانو سپای پاسداران لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا گیانیان لە ٣٤٧١ کەس ئەستاندووە، لە نێو ئەم كوژراونەشدا ٥٩٠ منداڵو ٤٢٢ژن دەبیندرێ.
گرووپی تێرۆریستیی داعشیش ٧٦٤هاووڵاتیی سووری بە ئەشكەنجە كوشتوە كە ١٠٣ کەسیان منداڵ، ١٤٨ کەسیان ژن بوون، هەروەها ٢١ کەسی هەر لە ڕێگەی ئەشكەنجەوە بە دەستی بەرەی نوسرە گیانیان لێ ئەستێندراوە.
ڕاپۆرتەکە باسی لەوەش کردوە کە لە پەلاماری ئاسمانیی بەرەی نێودەوڵەتی بە ڕێبەرایەتیی ئامریكاش ١٢٧ کەسی مەدەنی كە ٥٤ کەسیانمنداڵ و ٢٢ ژنیشیان تێدا بوو گیانیان لە دەست داوە. جگە لەوەش، لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا ٢٦٦ هاووڵاتیی سووری كە ٧٠ منداڵ و ٣٨ ژن لە نێویاندا دەبیندرا، بەهۆی خنكان لە ئاوی دەریا، بۆمباران یان لە ڕەوتی پەلامارە نەناسراوەكاندا گیانیان لە دەست داوە.