سەردەشت
تۆ مهلوانكهی ونبووی سووری سه‌ر سینگی دایكی نیشتمانیت
هه‌ر پووشپهڕێك، له یادی ههڵپڕووكانی قژه سه‌وزه‌كاندا
یاد و بیره‌وه‌ریت رێز ده‌گرین و به ده‌ستی نەوەی قوربانیەکانت
ته‌پ و تۆزی سه‌ر مه‌زاری شه‌هیدانت ده‌كه‌ینه سورمەی چاوەکانت
کارەساتی ٧ی پووشپەڕی سه‌رده‌شت هێشتا به گه‌وره‌یی كارەساتەکە ئاوڕی لێنەدراوەتەوە. خەمی قوربانییەکانی بەکارهێنانی گازی خنکێنەر و قەدەغەکراوی شیمیایی لە نێوخۆ و دەرەوە دەرفەتی گوێ گرتنی بۆ نەخوڵقاوە و له ژێر باری قورسی ته‌م و مژی سیاسیی هێزە لۆکا‌ڵی و ناوچەییەکاندا پووش بهسهركراوه. له ٧ی پووشپه‌ڕی ساڵی ١٣٦٦ هه‌تاویدا (٢٨ ژوئه‌نی ١٩٨٧ زایینی)، شاری سه‌رده‌شت به چه‌كی قەدەغەکراو په‌لامار ده‌درێ و تاوانێکی گەورە دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێ. بەمجۆرە سەردەشت دوای هێرۆشیما بەیەکەم شاری قوربانی چەکە قەدەغەکراوەکان پێناسە دەکرێ. ئاماری وردی قوربانییەکان هێشتا وردبینی بۆ نەکراوە و ژمارەی شەهیدەکان نیزیک بە ٢٠٠ کەس و بریندارەکانیش بە چەند هەزار کەس دەخەمڵێندرێ.
مێژووی مرۆڤایه‌تی پڕن له‌و كاره‌ساتانه‌ی، كه ئاسمان له حه‌ژه‌مه‌تی ژان و ئازاریان خۆی ههڵدهپازنێ و له ئاسۆی بوونیدا ئاخی هه‌تا سه‌ر هه‌ڵده‌كێشێ. له كه‌رتی ره‌شی ئه‌فریقاوه هه‌تا ده‌گاته ئه‌مریكای لاتینی ژێر چه‌كمه‌ی سیاسه‌تی كۆلۆنیالیزم، له هیرۆشیمای ژاپۆنه‌وه هه‌تا ده‌گاته گۆڕەپانی سووتاندن و خنکاندنی جولەکەکان، تیرۆرە سوورەکان و دواتر قەڵاچۆکردنی کوردان لە “سه‌رده‌شت” ی ده‌سته‌خوشكه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه، هەموویان گێڕانەوەی چیرۆکی دڕەندیی مرۆڤە دەسەڵاتدارەکان بەرامبەر بە مرۆڤایەتین.
ئێواره‌یه و سێبەرەکان بە هێمنی لە داوێنی پووشپەڕدا شۆڕده‌بنه‌وه. سه‌رچاوەی سەردەشت، وەک دڵی شار چاوەڕوانی دیداری ئەویندارانیەتی. خوڕه‌ی ئاوی جۆگەکانی تەنیشت شەقامی سەرەکی شار بە هێواشی بە سەر پشتی شاردا رێگا دەبڕێ و تێکەڵ بە کەڵوێی سنووربڕ دەبێ. گهڕهكانی شار له سه‌مای ژیاندان و خوازیاری ئارامین، به‌ڵام سێبه‌ری شوومی نه‌هامه‌تی شه‌ڕی دیكتاتۆره‌كان هێشتا وڵاتی بەرنەداوە. كه‌نه‌كه سپی، وه‌ك مه‌یتێكی مۆمیای كرا‌و رووبه‌ڕووی شار درێژ بووه و له سه‌ر پشتە خەماویەکەی چه‌ند ناوه‌ندێكی چه‌كی قورس و تۆپخانه‌ی رێژیم مۆڵیان خواردوه. شار چاره‌ی قورسی پادگانی نێو شاری ناوێ، كه هه‌ر چوارده‌وری به چه‌كی دژە ئاسمانی گیراوە و ته‌لبه‌ندكراوه. گرده‌سوور له داخی مۆڵخواردنی نه‌یارانی گه‌ل و دژی گهلییهكان له سه‌ر تروپك و بهرزاییهكەی، نێوچاوانی سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه و پڕ به سه‌ختی گاشه‌به‌رد و رەقنهكانی سەر شان و سینگ و داوێنی له نه‌یاران بێزاره. شێوهبرایمه و نێزه‌ڕۆ زۆر له مێژه كانگای چاوه‌كانیان ته‌قیوه و گۆڕستانی شه‌هیدان و دوڵتانچكیش له ژێر بارانی بۆمب و ناپاڵمهكاندا جه‌سته‌یان خاراوه.
ئێوارەیە و له ژێر ده‌واری ئاسمانی ساماڵ و تۆزگرتوودا، شان و پیلم پڕ بە مانای ژیان و نان ئارەقە دەڕێژن. كۆشكی بیره‌وه‌ریه‌كانی مێرمنداڵێك پڕه له ژان و ئازاری ژیان و خەونی گەورە. لە لوتکەی خەیاڵ و ئارەقەڕشتندا چاوەکانی شار چەند فڕۆکەیەکی شەڕکەر لە سنووری ئاسمانی پووشپەڕ و خۆرەتاودا دەبینن. فڕۆكه شه‌ڕكه‌ره‌كانی عێڕاق دیواری بێدەنگی دەشکێنن و وەک میر غەزەب و نوێنەری ترس و مەرگ لە ئاسماندا دەلورێنن. ئەوان بۆ لێدانی بۆمبه‌كانیان خۆیان شۆڕكرده‌وه و نێوه‌ڕاستی شاریان پێكا. چاوه‌ڕوانی به‌رده‌وامبوونی بۆمبار و تەقینەوەی زۆرتی بۆمبەکان بووین، به‌ڵام ئەوان لە گەڵ جاران جیاواز بوون. ده‌نگی تەقەینەوەی بۆمبەکانی ئەو جارە كپتر بوون و دوكه‌ڵێكی سپی و زه‌رد وەک تۆڕی مەرگ و کارەسات جەستەی شار و خەڵکەکەی داپۆشی. لە ماوەی ساڵانی رابردوو هەرگیز باش بۆمبارانی فڕۆکە شەڕکەرەکان بۆنێکی نامۆمان بەرلووت نەکەوتبوو، بۆیە به هاوڕێیەکم گوت، رەنگە ئه‌و بۆمبانە شیمیایی بن.
پێشتر وردە زانیارییەکم لە سەر گازە کیماییەکانی بەکار هاتو لە شەڕدا بەرگوێ و چاو کەوتبوو. بە گوێرەی ئەو زانیاریانە، ئەو گازانە خاوەنی بۆنی تایبەتن و بۆمبەکانیان لە کاتی تەقینەوەدا دەنگ کپن و گازی خه‌رده‌ل ره‌نگێكی مهیلە و زه‌ردی هه‌یه. پاش ماوەیەک شوێنی کارم بەجێهێشت و به‌ره‌و شه‌قامی سه‌ره‌كی شار و گه‌ڕه‌كی سه‌رچاوه وهڕێكهوتم. زانیاری له سه‌ر چۆنیه‌تی به‌رگریكردن به‌رامبه‌ر به چه‌كی شیمایی كه‌م بوو، بۆیه هێندێك كه‌س له پاش لێدرانی شار و وێرانبوونی ماڵه‌كانیان به كۆڵ بارگه و بنه‌ی خۆیان دەگوازتەوە. شەقامەکان بۆنی مەرگیان لێدەهات و جار و بار کەسێک یان رێبوارێک بە پڕ بە لێوار و تەنیشتی شەقامە تۆز لەسەر نیشتوەکاندا تێدەپەڕی. عه‌وداڵی دیتنی وێرانییەکان و هەستکردن بە خەمەکان بووم و سه‌ردانی شوێنی بۆمبهكانم كرد، به‌ڵام خه‌ڵكێكی كه‌م و به دەگمه‌ن له شه‌قامه‌كانی شاردا ده‌بینران. له گه‌ڕه‌كی سه‌رچاوه، کە شوێنی سەرەکی کەوتنی بۆمبەکان بو، پیاو و ژنێکی بەساڵداچووم بینین، كه خه‌ریكی راگواستنی نوێنه‌كانیان بوون، كه له جاجمهیهكی ره‌نگاوره‌نگ و نەخشێندراودا پێچرابوون. پاش ماوەیەک بەرەو باڵەخانەی فه‌رمانداری چووم. شوێنی کەوتن و تەقینەوەی بۆمبه‌كان به رواڵه‌ت وێرانییه‌كی زۆریان نەخوڵقاندبوو. له نیزیك فه‌رمانداری و لە گۆڕەپانێکی نە زۆر گەورەدا، حه‌شیمه‌تێكی زۆر کۆ ببونەوە. كه لێیان نیزیك بوومه‌وه سه‌دان برینداری چه‌كی شیمایی بوون كه له به‌ر نه‌بوونی جێگا و رێگا له هه‌وای ئازاد و هەروەها له ساڵۆنی تایبه‌ت به وه‌رزشی شاردا خه‌وێندرابوون. نیشانه سه‌ره‌تاییه‌كانی ئه‌و رووداوه زۆر ترسێنه‌ر نه‌بوون، به‌ڵام هێدی هێدی گازی خه‌رده‌ل كاری خۆی ده‌كرد و رێژه‌ی قوربانییه‌كان زیاتر ده‌بوون.
چاوەکانم هێشتا سیما و روخساری ئەو بریندارانەی لە ئارشیوی خۆیاندا پاراستوە، کە هەر کامەو چەندە و چۆن بە جلوبەرگی رۆژانە لەو شوێنە باسکراوانەدا راکشابوون. هەر کەسە و بە جۆرێک لە گەڵ بارودۆخی خۆیدا دەدوا و بلۆقەکانی سەر سینگ و پشت و رووخساری بریندارەکان هێشتا بە تەواوەتی باڵایان نەکردبوو. لە کۆتایی ئەو جەولەیەدا دووبارە شوێنی تەقینەوەی بۆمبەکانم بە سەرکردەوە و دواتر بەرەو ماڵ وەڕێکەوتم. شه‌قامه‌كان چوڵ بوون و جریوه‌ی كوێلەكه و هێندێک باڵندەی دیكه بێدەنگی شەقام و کۆڵانەکانی شاریان دەشکاند.
گه‌وره‌ساڵه‌كان تاسابوون و منداڵه‌كان هێشتا له خه‌می گه‌وره‌كان تێنده‌گه‌یشتن. مردن و ترس لە خنکان بە گازی خەردەل لە بەردەم دەرگای هەر ماڵێک بە جۆرێک دەبیندرا. له تاریكی شه‌ودا هاواری زامه‌كان زیاتر ده‌بیستران و گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كه تا راده‌یه‌ك روخساری دەرکەوتبوو. ههڵپڕوكانی گوڵی ژیانی سه‌دان كه‌س و ژاكانی گوڵی هیوای سه‌دان بنه‌ماڵه كۆستێكی هێنده كه‌م و تێپەڕ نییه، كه مرۆڤ و ته‌نانه‌ت مه‌ڵبه‌ندێك به ئاسانی پشتگوێی بخات. كزه‌بایه‌كی نه‌رمی هاوین دڵه سووتاو و ماندوەکەی شار باوه‌شێن ده‌كات. دارستانی گۆڕستان به ده‌م كزه‌بای خەمی پووشپەڕ، پرچی رنراوی شۆڕده‌كاته‌وه. لقی داره‌كان له بەر تەوژمی ئەو کارەساتە له سه‌ر پشت رادەژێن و له گه‌ڵ نه‌رمه‌بای شه‌و بۆ قەدی دار و گەڵاکان لایەلایە دەکەن.
روحی خه‌وتووی كۆچكردوه‌كان له گۆڕستاندا شڵه‌ژاون و بۆ زگ سووتانی شار به په‌رۆشن. شینی به كۆمه‌ڵ زۆر ماڵی هه‌ژاندووه و بانگی مزگه‌وته‌كان له سه‌ر یه‌ك ده‌رمانی دهردهدارانی ئه‌و شه‌وه نییه. له جه‌رگه‌ی شه‌ودا هاوار و بانگه‌وازی تایبه‌ت بڵاوده‌بێته‌وه، كه هانی دانیشتوانیی شار ده‌دا، كه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی شوێنه‌واری گازی شیمایی پێویسته جل و به‌رگ و خۆیان بشۆن. شار‌و ژیانی دانیشتوهكانیی له ته‌نگه‌به‌ری شه‌وه پڕ له ژانهكهدا به‌ره‌وه ئامێزی به‌یانیه‌كی پڕ له فرمێسك و رۆژێكی خه‌ماوی ده‌ڕون. له یه‌كه‌م چركه‌ساته‌كانی به‌یانیدا هه‌واڵی زۆربوونی رێژەی شه‌هیده‌كان رومه‌تی گه‌وره‌ساڵانی پڕ له چین و رق ده‌كات. مردووشۆرهكهی لای مزگه‌وتی سه‌رچاوه هه‌تا گۆڕستانی داوێنی گرده‌سوور رێگا و شه‌قام له به‌رده‌م قوربانیه‌كاندا بێده‌نگ و تۆزاوی راكشاون. ته‌رمه‌كان زۆرن و به‌شدارانی به خاكسپاردنی شه‌هیده‌كان شهكەت و دڵشكاو.
شار بسكی سه‌وزی ئاڵۆسكاوه و روومه‌تی زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاوه. دەرگای ماڵەکان لە سەر پشتن و خەمی خنکانی شار دڵەکانی هەڵپازنیوە. سه‌رچاوه‌ی شار پڕ به گه‌رووی ئاوە زوڵاڵەکەی هاواری رزگاربوون دەکات و سه‌ری خۆی هه‌ڵگرتووه و به قه‌دی شاردا تێدەپهڕێ. ته‌پوتۆزی زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوی سه‌ر شه‌قام و بانه‌كانی شار ژاراوییه و بۆنی مه‌رگی لێدێ. مه‌رگ ئیدی ئه‌و نهێنییه شاراوه نییه، كه جار و بار سه‌ر به باوه‌شی بنه‌ماڵه‌یه‌كدا ده‌كات، به‌ڵكو له روناكی رۆژ و تاریكی شه‌ودا و له كۆڵان و شه‌قامی شاردا ئاماده‌یه. سام و ترسی مه‌رگی شاراوه ژیان ده‌خاته له‌رزین و قه‌ڵافه‌تی مرۆڤ ده‌خاته ژێر پاڵه‌په‌ستۆی ترس و دڵەڕاوکە. بێده‌نگی باڵی بە سەر ئەو کارەساتەدا کێشاوە و له راگه‌یه‌نه گشتییه‌كانی ناوچه‌دا گرینگی پێنادرێ. ئەوە چاره‌نووسی كورد و ژێردەستەکانی رۆژگارە، كه به بێده‌نگی له ژێر پاڵه‌په‌ستۆی زوحاکانی سه‌رده‌مدا گیان بدەن و سروشت و ژینگهكهشیان بسوتێندرێت.
شار لە حەسرەتی شەهید و بریندارەکانیدا یەکپارچە بێدەنگە و پەنای بۆ کۆچ بردوە. گوندەکان و دەورووبەری رووبار و کانیاوەکان باوەشیان بۆ ئاوارەکانی شار گرتۆتەوە. ژمارەیەکی کەم لە دانیشتوانی شار دڵیان ئۆقرە ناگرێ و لە بەردەم کۆچدا چۆک دانادەن و لە ماڵەکانی خۆیاندا ماونەوە. شار بۆ ماوەی دوو مانگ لە بەر ئاسەواری چەکی بەکارهاتوو بە رێژەیەکی بەرچاو چوڵ و ئەژنۆی کۆستی گەورەی لە باوەش دەگرێت. خەمەکان یەک و دوو نەبوون و له كاتێكدا سه‌رده‌شت هێشتا له ژێر باری گران و قورسی گازی خنكێنه‌ردا پشتی راست نه‌كردبۆوه، کە له به‌رزاییه‌كانی دووپهزهڕا به كاتیۆشا ئاورباران كرا. دیكتاتۆره‌كانی تاران و به‌غدا له ساڵه‌كانی كۆتایی شەڕدا بۆ قەرەبووکردنەوەی شکست و ناکامی لە بەرەکانی شەڕدا، بێبەزەییانە پەلاماری خەڵکی سڤیل و شار و گوندەکانیان دەدا. گورگه‌كانی تاران و به‌غدا بۆ تێركردنی هه‌ست و ویستی دڕڕەندانهیان په‌نایان بۆ هه‌موو چه‌كێك ده‌برد و كوشتنی خه‌ڵكی بێ‌تاوانیان وه‌ك تاكتیكی پاڵه‌په‌ستۆخستنه سه‌ر یه‌ك ده‌كار ده‌هێنا.
کوردەکان لە سەر زێدی خۆیان ئاواره و داگیركه‌ر خاوه‌ن ماڵ و بڕیارده‌ره. پاراستنی گیانی خەڵکی سیڤیل بۆ قەڵاچۆکەرانی مرۆڤایەتی بایەخێکی ئەوتۆی نییە. زلهێز و دەسەڵاتدارە گەورەکان ئاوڕیان لە کۆمەڵکوژی کوردەکان لە سەردەشت نەدایەوە و کەیسی هەڵەبجە بە جۆرێکی دیکە دووپات کرایەوە. ئێران پرسی سەردەشتی وەک کەیسی نێوخۆیی هەڵدەسەنگاند و لە بە نێونەتەوەیی کردنی کەیسی مەزڵومییەتی ئەو شارە خۆی بوارد. تەنانەت له سه‌ره‌تادا بۆ بریندار و قوربانییەکانی ئه‌و كاره‌ساته خزمەتی ده‌رمانی و راگواستنی بەپەلە پێشكه‌ش نه‌كرا. لە ئاکامی نەبوونی خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان و پێڕانەگەیشتن بە بریندارەکان، لە ماوەی نیزیک بە سێ دەیەی رابردوودا زۆر بریندار تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی ٧ ی پووشپەڕ بوون.
شایانی باسە، کە نەوەکانی داهاتوو لە شوێنەوارە ترسناکەکانی چەکی بەکۆمەڵکوژ دوور نابن و خەمی ئەو کارەساتە بە ئاسانی لە بیرەوەری خاک و خەڵکدا ناسڕێتەوە. بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كانی داهاتوو له گه‌ڵ رابردوو نامۆ نه‌بن، جێگای خۆیه‌تی ئه‌و كاره‌ساته ئه‌وه‌نده‌ی ده‌لوێ به دۆكومێنت بكرێ. پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان لە سەردەمی دادگایی کردنی سەرانی بەعسدا، دەرفەتی هێنانە بەرباسی کارەساتی ٧ی پووشپەڕی سەردەشتیان نەڕەخساند.
لە ژماره ٦٨٣ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه