هۆگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان!
خەڵکی ئازادیخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان!
٢٢ی پووشپەڕ، بیرەوەریی شەهیدکرانی رێبەری لێوەشاوەی خەباتی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان و سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکرات، د.قاسملووی مەزن، لێمان نزیک بووەتەوە. ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، ٢٧ ساڵ بە سەر تیرۆری د.عەبدوڕەحمان قاسملوو و عەبدوڵلا قادری ئازەر، لە شاری ڤییەن لە سەر مێزی وتووێژ و بە دەستی ناردراوانی رێژیمی تیرۆرو سەرکوتدا، رادەبرێ.
ئێوە خەڵکی دێموکراتپەروەر و پشتیوانانی راستەقینەی حیزبی دێموکرات و رێگا و ئامانجەکانی خەباتەکەی، لە مێژ ساڵە رۆژی شەهیدکرانی ئەم رێبەرە خۆشەویست و بە توانایەی خۆتان، کردوە بە رۆژی دهربڕینی ناڕەزایەتی لە تیرۆرو سەرکوتی خەڵکی کوردستان بە هۆی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە. هەر بە سەرنجدان بەم هەڵوێستە گشتییە سیاسی و ئازادیخوازانەی ساڵانەی ئێوە بوو کە بەرگریکاری ناسراوی مافی مرۆڤ و تێکۆشەری بوێر و بە هەڵوێست د. محەممەد سەدیق کەبوودوەند، لە نێو بەندیخانەوە، ٢٢ی پووشپەڕی بە ” رۆژی مەحکوومکردنی سەرکوت و تیرۆر لە کوردستان” ناودێر کرد.
ئەمساڵ لە کاتێک دا لە بیرەوەریی ٢٢ی پووشپەڕ نزیک دەبینەوە، کە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، بێپەروایانەتر لە هەمیشە خەریکی نواندنی دڕندەیی و نیشاندانی چنگی خوێناویی خۆیان بە خەڵکی کوردستانن. جگە لە هەڕەشەی نیزامیی ئاشکرا لە تێکۆشەران و بنکەکانی حیزبە سیاسی و خەباتکارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەر چی میلیتاریزە کردنی ناوچەکانی ئەو بەشەی کوردستان، رۆژ نیە لە ناوچەیەک و شارێک و گوندێک، تاوان نەخوڵقێنن و گیانی یەک یا چەند رۆڵەی ئەم خەڵکە نەستێنن. بەندیخانەکانیش وەک هەمیشە پڕن لە لاوانی ئازادیخوازو داواکاری مافی نەتەوەیی و ئینسانی.
حیزبی دێموکراتی کوردستان، لەمێژ ساڵە هەڵگر و بڵاوکەرەوەی ئەم پەیامەیە کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، دەبێ هەموو شێوەکانی خەبات و هەر چی دەرفەتە، بۆ راگەیاندنی ویستی مافخوازانە و داخوازە نەتەوەییەکانی خۆیان، بە کار بێنن. لەم راستایە دا هەموو کات لە سەر دروشم و سیاسەتی رۆژهەڵاتتەوەرانە پێداگر بووین و پێمان وابووە، دەبێ بە شێوەی جۆراوجۆر بەرامبەر کپکردنی دەنگی حەقخوازیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەوڵی بایکۆتکردنی پرسی رەوای کورد لە ئێران، بوەستینەوە. حیزبی ئێمە هەر لەو راستایەدا، لە لایەکەوە رچەشکێنی لێک گرێدانەوە و پێگ گەیاندنەوەی خەڵک و پێشمەرگە بووە و پشتیوانیی ئەوان لە یەکتری بە مەرجی بووژانەوەی خەبات و تێکۆشانی شۆڕشگێرانە لەو بەشەی کوردستان زانیوە. لە لایەکی دیکە هاندەر و پشتیوانی خەڵکەکەمان بووین بۆ ئەوەی بە سوودوەرگرتن لە شێوازی هێمنانه و مەدەنی، هەڵوێستی سیاسی و پەیامی نەتەوەیی خۆیان بە بەڕێوەبەرانی رێژیمی سەرکوتکەر و دژە کوردی کۆماری ئیسلامی، نیشان بدەن.
خەڵکی بێزار لە بێمافی و بندەستی!
ئەوینداران و هۆگرانی ئامانجەکانی د.قاسملوو!
بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی خۆتان و بۆ بەرپەرچدانەوەی ستەم و دەستدرێژی بۆ سەر کەرامەت و گیانی رۆڵەکانتان، پێویستە بۆ خۆشتان راستەوخۆ لە نێو مەیدانی بەربەرەکانی دابن. راوەستانی خەڵکی ئاواییەکانی گوێزڵێ، بێوران و بێژوێ بەرامبەر هێزە جینایەتکارەکانی کۆماری ئیسلامی لە یەک حەوتووی رابردوودا، هەر وەک تەمبێکردنی مۆرە تاوانکار و تاوانبارە بەدناوەکانی دەزگای سەرکوت و جاسووسیی ئەو رێژیمە، لە چەشنی حوزووری وشیارانەتان لە کەشوهەوای سیاسیی نێوخۆی وڵات و قوزتنەوەی دەرفەتەکان بۆ لەقاودانی بێمافییەکانتان، هەر وەک پشتیوانی و پێشوازیتان لە هاوڕێیانی پێشمەرگەمان لە چەند ساڵی رابردوودا، جێگای تەئید و پشتیوانی و خۆشحاڵیی ئێمەیە. لە بیرمان بێ د.قاسملووی رێبەرمان لە کاتێک دا بزووتنەوەیەکی شؤڕشگێڕانەی بە هەزاران پێشمەرگەوە رێبەری دەکرد، لە گرنگیی شێوازەکانی دیکەی خەبات غافڵ نەبوو و بەردەوام داوای لە خەڵک دەکرد بۆ داواکردنی مافەکانیان و بەرپەرچدانەوەی ستەم و زۆرداری و دەستدرێژی دەسەڵاتداران، بۆ خۆشیان پێویستە راستەوخۆ لە مەیدان دابن. رۆژی 22ی پووشپەڕ، دەرفەتێکی دووبارەیە بۆ ئەوەی لە لایەکەوە بێزاریی خۆتان لە ٤ دەیە تیرۆری سیاسی و کوشتاری رۆڵەکانتان بە هۆی کۆماری ئیسلامی نیشان بدەنەوە. لە لایەکی دیکە هاوپێوەندی و هاودەنگیی خۆتان لە گەڵ رێگا و ئامانجەکانی ئەو رێبەرە شەهیده و بەردەوامیتان لە سەر داواکردنی مافە نەتەوەییەکانتان، دووپات بکەنەوە.
لەم پێوەندییە دا داواکارین:
١- بە مانگرتنی گشتی، بایکۆتکردنی بازاڕو مەیدان و شوێنە گشتییەکان لە رۆژی 22ی پووشپەڕدا، ناڕەزایی گشتیی خۆتان لە سیاسەتی سەرکوتکەرانەی کۆماری ئیسلامی و تیرۆرو کوشتاری ئازادیخوازان، نیشان بدەنەوە.
٢- لە رۆژانی پێش 22ی پووشپەڕ و لەو رۆژەشدا، بە بەرزکردنەوه و بڵاوکردنەوەی سروود و دروشمی شۆڕشگێڕانەو نەتەوەیی و بایەخدان بە هێماکانی کۆڵنەدان و خۆڕاگری، بە زەوتکەران و پێشێلکەرانی ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد، بسەلمێننەوە کە تیرۆری ڕێبەران و شەهید کردنی تێکۆشەران و نزیک بە ٤ دەیە سەرکوت و وێرانی و گرتن و ئێعدام، خەڵکی کوردستان بە چۆک دا ناهێنێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمیسیۆنی تەشکیلات
٤/٧/٢٠١٦
١٤ی پووشپەڕی ١٣٩٥