شاندی پشکێنەرانی حیفازەتی ئیتلاعاتی رێکخراوی زیندانەکان سەردانی زیندانی ورمێی کردو لەگەڵ زیندانیانی سیاسیی ئەو بەندیخانەیە کۆبۆوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا زیندانیانی سیاسیی کورد لەگەڵ هێنانە بەرباسی کێشەو گرفتەکانیان داوایان کرد هەیئەتێک لە دەزگای قەزایی بە نوێنەرایەتیی لاریجانی سەردانیان بکاو، بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییە قەزاییەکان لە پەروەندەکانیاندا بکا.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستانو کورد بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێ ویستوویانە بە داخستنی بەندی ١٢ ی زیندانیانی سیاسی ڕێگری لەو کۆبوونەوەیە بکەن، بەڵام بەهۆی بەدواداچوونو پێوەندیی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ هەیئەتی بازڕەسی، بەرپرسانی زیندان لەو هەوڵەیاندا سەرکەوتوو نەبوون.
لەو کۆبوونەوەیەدا کەماڵ حەسەن رەمەزان باسی لە ئەشکەنجەو لێدانو کوتانی بەهۆی کاربەدەستانی زیندان کردو گوتی شکایەتو سکاڵاکەی تا ئێستا هیچ ئاکامێکی نەبوە.
مستەفا داوودی، زیندانیی سیاسیی نەخۆشی بەندکراو لەو بەندەدا بەڵگە پزیشکییەکانی پیشانی لێژنەی پشکنینی حیفازەت داو، ڕەخنەی توندی لە پێڕانەگەیشتنی پزیشکی بە نەخۆشییەکانی گرت.
محەممەد عەبدوڵڵاهی باسی لە مانگرتنەکەی، بەندکرانی لە سللولی ئینفڕادیو ئەو حوکمە نادادپەروەرانەیە کرد کە لە دژی سەپاوە.
عوسمان مسەفاپوور و سەعیدی سەنگەر، دوو زیندانیی سیاسیی کوردی دیکەی بەندکراو لە زیندانی ورمێ باسیان لە ٢٦ ساڵو ١٦ ساڵ بەندکرانیان کردو گوتیان هیچ کامیان لەو ماوەیەدا تاقە ڕۆژێک مەرەخەسییان نەدراوەتێ.
ئەحمەد تەمووییو مستەفا کاکەمەمی دوو زیندانیی سیاسیی دیکە بوون کە لەو کۆبوونەوەیەدا قسەیان کردو باسیان لە کێشەو بێ مافیو مەینەتییەکانیان لە زینداندا کرد.