نوێنەری شاری مەهاباد لە مەجلیس دەڵێ کارخانەی دروستکردنی واکسەنی تەبەق لە مەهاباد یەکەم کارخانەیە لە پارێزگای ورمێدا، بەڵام لەلایەن دەوڵەتەوە هیچ پشتیوانییەکی لێناکرێ.
پشتگوێخستنی کارخانەی واکسەنی تەبەق لە مەهاباد لەلایەن دەوڵەت لە حاڵێک دایە کە نەخۆشیی تەبەق لە نێو مەڕو ماڵاتدا هەموو ناوچەی پارێزگای ورمێی گرتۆتەوە.
کامڕان داهیم، بەرێوەبەری گشتیی دامپزشکیی پارێزگای ورمێ هەر لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاندوە کە لە ماوەی سێ مانگی بەهاری ئەمسالدا ٣٧٨ سەر وڵاغو ٢٥٣٩ سەر مەڕو بزنی ئاژەڵدارانی ئەو ناوچەیە بەهۆی نەخۆشیی تەبەق مندار بوونەتەوە.
نەخۆشیی تەبەق لە خەزەڵوەرو سەرماوەزی ساڵی ڕابردووش سێ جارو ئەمساڵیش چەند جار بووەتە هۆی داخستنی بازاڕ حەیوانانی بۆکان، کە گەورەترین بازاڕی حەوتووانەی کڕینو فرۆشتنی ئاژەڵ لە هەموو کوردستانو باکووری ڕۆژاوای ئێرانە.
لە وەها بارودۆخێکدا جەلال مەحموودزادە، نوێنەری شاری مەهاباد لە مەجلیس کە هاوکات جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی کشتوکاڵی مەجلیسیشە، دەڵێ هیچ پشتیوانییەک لە کارخانەی دروستکردنی واکسەنی تەبەق لە مەهاباد ناکرێو تەنانەت بۆ لێدانی چاڵاو و بەکارهێنانی ئاو بۆ کارخانەکەش کێشەیان بۆ دروست کردوون.