ووتاری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی سۆسیالیست ئەنترناسیونال لە بنکەی سەرەکی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ژنێف
بەرێز سەرۆکی سۆسیالیست ئینتێرناسیۆنال
بەرێز سکرتێری گشتی
بەرێزان ئامادەبووانی کۆبوونەوەی سۆسیالیست ئینترناسیونال
هاورییانی بەرێز
وەک نوێنەرایەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ئارەزووی کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوو و پر دەسکەوت بۆ هەموومان دەخوازم.
لەلایەن رێبەرایەتی،ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانەوە گەرمترین سلاوتان پێشکەش دەکەم.
ئێمە سەربەرز و شادمانین کە بووینە ئەندامی تەواو وەختی بنەماڵەی سۆسیالیست ئینترناسیونال کە رێکخراوێکی گرێنگ و ناسراوی کۆمەڵگای نێو نەتەوەییە. خەڵکی کورد، ئەندامان و پێشمەرگەکانی ئێمە چاوەروانی ئەوە دەکەن کە سۆسیالیست ئینتێر ناسیۆنال دەورێکی بەرچاو بگێری لە ناساندنی پرسی کوردو و هێنانە بەرباسی ئەو مەسئەلەیە لە کۆرو کۆمەلە نێونەتەوەیەکاندا.
ئێمە پایبەند و وەفادارین بە بلاوکردنەوەی ئامانجە کانی سۆسیالیست ئینتێر ناسیۆنال لە ناوچەکەماندا واتە رۆژهەڵاتی ناوەراست کە ئێستا تووشی زۆر کێشە و گرفت و قەیرانە.
بۆ هەمووتان روون و ئاشکرایە کە كورد لە لایەن دراوسێکانیەوە وەك رێژیمی جمهوری ئیسلامی ئێران، حکومەتی ناسیونالیستی تورکیا، رێژیمی ئەسەد لە سوریە و هەروەها داعێش لە ئێراق و سوریە دەکەوێتە بەر پەلامار و چەوساندنەوە. داعێش لە راستی دا پلانی هەبوو بۆ جینوساید کردنی کورد و خاپوور کردنی هەرێمی کوردستان لە عێراق.
سەرەرای هەموو گرفتانەی کە کورد لە ناوچەدا دەست و پەنجەی لەگەل نەرم دەکا، پێشمەرگەکانی کورد هێزی سەرەکین لە ـمەیدانی بەرەنگارە بوونەوە لە گەڵ داعێش و تێرۆریزم لە ناوچەدا. بە واتایەکی دیکە کچان و کورانی پێشمەرگەی کورد بەرگری دەکەن لە هەموو کۆمەڵگای نێو نەتەوەیی لە بەرامبەر داعێش و تێرۆریزم لە عێراق و سوریە و تەنانەت لە ئێرانیش.
ئەو تێکۆشەرانە نیشانیان داوە کە شەر دەکەن بۆ وەدیهێنانی سەقامگیری، ئاشتی، پلورالیزم و دامەزراندنی سیستێمێکی دێمۆکراتیک لە ناوچەدا.
هاورێێانی بەرێز
ئەمن لە رۆژهەڵاتی کوردستان را هاتووم، ئەو بەشەی کە دەکەوێتە ئێران و لە ژێر دەسەڵاتی رێژیمی جمهوری ئیسلامی دایە. رێژیمێک کە هیچ بایەخێک بۆ مافی مرۆڤ و مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی ئێران دانانێ.
حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە ماوەی ٧١ ساڵ خەباتی خۆیدا بەردەوام حەولی داوە لە رێگای وتووێژەوە بۆ دیتنەوەی رێگا جارەیەکی ئاشتیخوازانە بۆ چارە سەرکردنی مەسئلەی کورد لە ئێراندا. حیزبەکەی ئێمە تەنانەت سکرتێری گشتی خۆی واتە دوکتوری قاسملوی لە سەر میزی وتووێژ لەلایەن دیپلمات تیرۆریستەکانی ئێرانەوە لە وییەن پایتەختی ئۆتریش بەبەرچاوی کۆمەلگای نێودەولەتیەوە لە ١٣ی مانگی جولای ١٩٨٩ شەهید کراوە.
سەرەرای هەبوونی بەڵگەی بەرچاو لە مەر بەشداری نێردراوانی دیپلۆماتە تێرۆریستەکانی رژیمی ئیسلامی ئێران لەو رووداوە تراژیدیەدا ، حکومەتی ئۆتریش دادپەروەری فیدای پاراستنی قازانجی ئابووری و سیاسی خۆی کرد و ئیزنی دا تێرۆریستەکان کە لە سەفارەتی ئێران خۆیان حەشار دابوو، بە بێ لێپرسینەوە برۆنەوە ئێران.
گەلی کورد، ئەندامان و لایەنگرانی ئێمە هیچ کات ئەو تێرۆرە لە یاد ناکەن و هێشتا چاوەروانی جێ بەجێ کردنی دادپەروەرین لە کەیسی تیرۆری دوکتور قاسملودا. ئێمە هیچ کات دەست هەلناگرین بۆ زیندوکردنەوەی ئەو کەیسە و چاوەروانین کە سۆسیالیست ئینتێر ناسیۆنال لەو پیوەندیەدا هاوکاریمان بکات.
لە ئێران بەردەوام و رۆژانە رۆژنامەنوسان، داکۆکی کاران لە مافی مرۆڤ و چالاکان دەستبەسەر دەکرێن، حوکمی زیندانی قورسیان بە سەر دادەسەپێ، حوکمی ئێعدامیان بۆ دەردەچێ یان لە بەر چاوی خەڵک لە سێدارە دەدرێن بە بێ ئەوەی ئیمکانی دیفاع یان مەحکەمەیەکی عادڵانە یان هەبێ. هەر ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی کورد لە زیندانن، یان مەترسی ئێعدامیان لە سەرە و وا وێدەچێ کۆمەڵگای نێودەولەتی لەبیری کردبن.
وەک نمونەیەکی بەرچاو دەکرێ ئاماژە بە وەزعی ئەسەفباری دامەزرێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان واتە محەممەد سەدیقی کەبوودوەند بکرێ کە ١٠ سالە لە زیندان دایە تەنیا بە تاوانی دامەزراندنی رێکخراوی مافی مرۆڤ و ئامادە کردنی راپۆرتێك لە سەر پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کوردستان.
ئێمە هیوادارین سۆسیالیست ئینتێر ناسیۆنال بتوانی ببێتە سەکۆیەک بۆ گواستنەوەی دەنگی کورد ، دەنگی قوربانیانی بومبارانی شیمیایی هەلەبجە و سەردەشت، جینو سایدی کورد، ئاوارەیی و کۆرەو، بەردەیی جینسی، تێرۆر و زیندان و ئێعدام.
هومێدمان هەیە ئێس ئای ئاورێك لە گروپی کاری کوردی بداتەوە و هەیئەتێک بۆ هاوکاری ئەو گروپە دەست نیشان بکات.
کوردستان وڵاتێکی دەوڵەمەند و بە پیتە و شیاوی سەربەخۆییە، بەڵام پێویستی بە پشتگیری نێو دەولەتییە. هومێدم هەیە هاوکاری ئێمە لێرە بتوانێ بە هێزمان بکات بۆ بەرەنگارە بوونەوەی تێرۆریزم و پشتیوانانی تێرۆریزم لە رادەی نێو نەتەوەیی دا.
ئێمە دەتوانین ببینە دەنگی هەموو ئەوانەی خەبات دەکەن بۆ دەستە بەر کردنی مافەکانیان، ئاشتی، دادپەروەری، دێمۆکراسی و رێزگرتن لە ماڤی هەموو ئینسانەکان.
ئێمە هەروەها چاوەروان و ئاواتەخوازی کۆنگرەیەکی سەرکەوتووین بۆ ئێس ئای کە لە داهاتوویەکی نێزیکدا دەگیرێت و پێمان وایە ئێس ئای دەتوانێ دەورێکی کاریگەرتر لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دا بگێرێ و پشتیوانی کوردان بکا لە خەبات دژی تیرۆریزم.
ئارەزووی سەرکەوتوویی بۆ هەموو ئێوە بەرێزان دەکەین لە خەبات بۆ دەستەبەر کردنی ئازادی و دادپەروەری لە ناوچە جۆر بەجۆرەکانی دنیادا.
نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان
١ی جولای ٢٠١٦