لە حەوتووی ڕابردوودا و لە پێنج شاری مەهاباد، بۆکان، شنۆ، سەقز و سەردەشت هەر نەبێ ١٣ چالاکی کورد لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکیی سیاسیو ئەمنیەتی بە دژی کۆماری ئیسلامی، دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە نیوەشەوەی ١٠ی پووشپەڕدا هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد پێنج کەسی خەڵکی گوندەکانی ئەو ناوچەیە دەسبەسەر کردوە. مستەفا سوڵدۆزی خەڵکی گوندی “قەرەقشلاق”، سیروان مستەفایی خەڵکی گوندی”داشخانە”، ئەمیر عەبدوڵڵا زادە خەڵکی گوندی “بێنگوێن” و ڕەحیم و خوشناو ئیسماعیلی خەڵکی گوندی”خۆڕخۆرە” ناونیشانی ئەو ٥ کەسەن کە دوای گیرانیان تا ئێستاش چارەنووسیان ناڕوونە.
هەواڵەکان باس دەکەن کە ئەو کۆمەڵە لاوە بە تۆمەتی “لایەنگەری لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران” دەستبەسەر کراونو لە ستادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباددا ڕاگیراون.
هەروەها لە شاری بۆکانیش هەر هەمان ڕۆژ هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لاوێکی تەمەن ٣١ ساڵەیان بە ناوی عەلی سورخی خەڵکی گوندی “کۆستە”
لە شاری شنۆش دوو لاوی کورد بە ناوەکانی یەعقوب و سەدیق بائیکرام لە گوندی قەرەسەقەل کە ماوەی دوو حەوتوویە دەسبەسەر کراون، ئێستاش چارەنووسیان ناڕوونە.
لە شاری سەقزیش لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵە بە ناوی ئاوات شەریفی لە سەرەتای حەوتووی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کراوە.
ئەو هێزانە سەرەڕایی پشکنینی ماڵی ناوبراو، هێندێک کەرەسەی شەخسی ئاواتیان وەک لەبتاب، دەفتەری یادداشت و موبایلەکەیان لەگەڵ خۆیان بردوە. ناوبراو چەند مانگ پێشیش دەستبەسەرو بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ستادی خەبەری ئیتلاعاتی شاری سەقز زیندانی کرا بوو.
لە شاری سەردەشت ٤ کەس لە پەیوەندیی لەگەڵ کوژرانی دوو کۆڵبەر کە برا بوون دەستبەسەر کراون.
ناسیح، ڕەسووڵ و ئەبووبەکر عەلیخانی لەگەڵ عومەر عەبدوڵڵاپوور ناوی ئەو دەستبەسەر کراوەی گوندی “گوێزلی” لە ناوچەی سەردەشتن.