محەممەد عەبدوڵڵاهی زیندانیی سیاسیی مەحكووم بە ئێعدام مانگرتنەکەی شکاند.
محەممەد عەبدوڵڵاهی زیندانیی سیاسیی مەحكووم بە ئێعدام لە زیندانی ناوەندیی ورمێ كە لە ڕۆژی 9ی جۆزەردانەوە بە هۆی سەپاندنی ئەم حوكمە ناعاددڵانەیە بەسەریدا سەپاوەو هەروەها بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین بە شێوازی خراپی پێڕاگەیشتن بە پەروەندەكەی مانی لە خواردن گرتبوو، پاش ئەوەی كە كاربەدەستانی قەزایی بەڵنییان پێ دا كە بە داواكانی ڕادەگەن، لە سی و دووهەمین ڕۆژی مانگرتنی خۆیدا كۆتایی بەم مانگرتنەی هێنا.
سەرچاوەیەكی نزیك لەم زیندانییە سیاسییە وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە گوتی: كاربەدەستانی قەزایی لە سلوولی ئینفرادیدا سەردانی محەممەد عەبدوڵڵاهییان كردووەو پێیان ڕاگەیاندووە داواکەی لە بابەت پێڕاگەیشتن بە پەروەندەكەی قەبووڵ كراوە، دوا بەدوای ئەم هەوڵەی كاربەدەستانی قەزایی، محەممەد عەبدوڵلاهی كۆتایی بە مانگرتنەكەی هێناوەو بۆ نێو بەندی خۆی گەڕێندراوەتەوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی ٩ی جۆزەردان هاوكات لەگەڵ ڕاگەیاندنی مانگرتنی بێ سنوور لە خواردن بۆ ناڕەزایەتی بە سەپاندنی حوكمی نادادوەرانەی ئێعدام بە سەریداو شێوەی خراپی پێڕاگەیشتنی كاربەدەستان بە بارودۆخی پەروەندەكەی، نامەیەكی سەرئاوەڵای ڕوو بە سەرۆكی دەزگای قەزایی نووسیوەو دەقی ئەم نامەیەشی بۆ ئەحمەد شەهید ڕاپۆرتنێری تایبەتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران ناردوە. ناوبراو لەم نامەیەدا داوای بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەیەكی عادڵانەی دادگای بۆخۆی كردوە.
محەممەد عەبدوڵڵاهی تەمەن ٣٥ ساڵ، خێزاندارو خەڵكی شاری بۆكان بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەكێك لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەكانی كوردستان، لە لایەن لقی ١ی دادگای ئینقلاب لە شاری مەهاباد دادگایی كرا و حوكمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرا.
برایەكی دیكەی محەممەد عەبدوڵڵاهی بە ناوی محەممەدئەمینیش لە پاییزی ساڵی ١٣٨٤ دەستبەسەر كرا و پاش ١٥ مانگ بێ چارەنووسی، لە دادگای ئینقلاب هەر لە شاری مەهاباد بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا لە ڕێگەی هاوكاری كردنی چەكدارانە لەگەڵ یەكێك لە حیزبەكانی دژبەری كۆماری ئیسلامیو هەروەها پڕو پاگەندە بەدژی ڕێژیم، دادگایی كرا و حوكمی ١٨ ساڵ زیندان و دوور خرانەوە بۆ زیندانی “تەبەس”ی بەسەردا سەپێندرا.