سەرۆكی كۆمیسیۆنی سەنعەتی ژووری بازرگانیی ئێران ڕایگەیاندووە مەسەلەی قاچاغی كاڵا قەیرانی سەرەكیی بەشی بەرهەم هێنانی ئەم وڵاتەیەو ئاستەم بوونی دابینكردنی سەرمایەی ماڵی بە یەكەمین گرفتی پیشەسازی زانیوە.
ئەبۆلفەزڵ ڕۆغەنی، سەرۆكی كۆمیسیۆنی سەنعەتی ژووری بازرگانیی ئێران دەڵێ نیزامیی بانكی، ئابووریی ئێرانی لە بەرهەم هێنان دوور كردۆتەوە بە گشتی بانكەكان بەدژی بەرهەم هێنان و سنعەت دەجووڵێنەوە.
ڕۆغەنی باسی لە ٢٠ میلیارد دۆلار قاچاغی كاڵا لە ماوەی ئەمساڵدا لە ئێران كردووە و مەسەلەی قاچاغی كاڵای بە سەرەكیترین گرفتی بەشی بەرهەمهێنانی ئەم وڵاتە زانیوە.
كاربەدەستانی پلەبەرزی دەوڵەت تا ئێستا چەند جار باسیان لە كێشەی قاچاغ لە ئابووریی ئێراندا كردووە بەڵام ناوی ڕێكخەرانی ئەم سات و سەودا ناقانوونییانەیان ئاشكرا نەكردووە. ساڵی ١٣٩٠ مەحموود ئەحمەدی نژاد، سەركۆماری پێشووی ئێران، فەرماندەكانی سپای پاسدارانی بە قاچاغی سیستماتیک لە ئێران تاوانبار كرد و بە “برا قاچاغچییەكان” نای هێنان.
هەر هەمان ساڵ، كۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیس لە ڕاپۆرتێكدا، ڕایگەیاندبوو کە نرخی ئەم كاڵایانەی كە لە ڕێگەی ناقانوونییەوە دەڕژێنە نێو بازاڕی ئێرانەوە ٢٠ تا ٢٥ میلیارد دۆلارە. هەر هەمان كات جێگری سەرۆكی ئەم كۆمیسیۆنە گوتبووی هاوردەكردنی ئەم هەموو كاڵایە ناتوانێ كاری كۆڵبەران و سنوورنشینان بێ.