چەکدارەکانی بەرەی نوسرەی سەربە ئەلقاعیدە لە سووریە نزیك بە ٣٠٠ كوردیان ڕفاند و بۆ شاری “دانا” لە نزیك حەلەبیان گواستەوە. بە پێی ڕاپۆرتی بی بی سی ئەم كەسانە بە ویستووتانە لە شاری عفرین ڕا بچنە دەمێشق كە لەلایەن هێزەكانی بەرەی نوسرەوە ڕاگیرانو دەست بەسەر کراون. ئیدریس نسان، یەكێك لە كاربەدەستانی شاری كۆبانێ بە هەواڵنێری بی بی سیی گوتبوو كە ئەم ڕفێندراوانە بۆ شاری دانا لە نزیك شاری حەلەب گواستراونەتەوە. ئەم ناوچەیە سەربە پارێزگای ئەدلیبە كە لە لایەن بەرەی نوسرەو هاوپەیمانەکانی كۆنتڕۆڵ دەكرێ. هەواڵدەرییەكانی فەرانسەو رۆیتێرزیش لە زمان سەرچاوەیەكی ناوچەیی گوتبوویان كە چەکدارەکانی ئەلنوسرە ژنان و منداڵانیان ئازاد كردووەو پیاوەكانیشیان لەگەڵ خۆیان بردووە. نەواف خەلیل، یەكێك لە وتەبێژانی حیزبی یەكیەتیی دێموكراتیكی كوردستان بە هەواڵدەریی فەرانسەی گوتبوو كە ڕفێندراوەكان گەشتیار بوونو لە عفرینەوە بەرەو دەمێشق دەچوون كە لە لایەن بەرەی نوسرەوە دەسبەسەر کراون. شایانی باسە كە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووداو لە ڕەوتی شەڕی نێوخۆیی سووریە، هێزە كوردییەكان بۆ پاراتسنی ناوچەکەیان بەردەوام لە شەڕو پێكدادان لەگەڵ گڕووپە چەکدارە ئیسلامگەراکاندا بوون.