“بێرت مەك گێرك”، نوێنەری تایبەتی ئۆباما بۆ كاروباری بەرەنگاربوونەوەی میلیشیاکانی داعش، لە كۆبوونەوەی گوێگرتنی سەنای ئامریكادا گوتی: هەڵسوكەوتی ڕێژیمی ئێران لە سووریە و عێراق پاش ڕێككەوتنی ناوكی گۆڕانێكی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە.
نوێنەری تایبەتی ئۆباما هەروەها گوتی: لە سووریە لە ماوەی ئەم یەک ساڵەدا كە لە ئیمزاكردنی بەرجام تێدەپەڕێ، هیچ گۆڕانێك لە بابەت هەڵسوكەوتی كۆماری ئیسلامی بەدی ناكرێ و بنەمای هەوڵەكانی ئەم ڕێژیمە لە سووریە هەر وەك ڕابردوو بەهێز كردنی ڕێژیمی بەشار ئەسەدە.
“بێرت مەك گێرك”، لە بابەت ڕەفتاری ڕێژیمی ئێران لە عێراق گوتی: هەڵسوكەوتی ئەم ڕێژیمە لە عێراقیش ئاڵوگۆڕێكی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتوە، ئەم ڕێژیمە هەر بە چەشنی ڕابردوو پشتیوانی لە میلیشیاکانی ئەم وڵاتەش دەكا.
ڕۆژی ٧ی پووشپەڕ، وتەبێژی كۆشكی سپی ڕایگەیاندبوو كە بەردەوامیی ئێران لە یارمەتییدانی حیزبوڵڵا، دەبێتە هۆی ئەوەی كە كێشەكانی ئێران بۆ دەست ڕاگەیشتن بە بازاڕە نێودەوڵەتییەكان هەر لە جێی خۆیان بمێننەوە.
لە لایەكی دیكەشەوە حەسەن نەسروڵڵا، ڕێكەوتی 5ی پووشپەڕ گوتبووی هەموو سەرچاوە ماڵییەكان و مووشەك و ڕاكێتەكانی ئەم گرووپە ڕاستەوخۆ لە لایەن ئێرانەوە دابین دەكرێ.
ئەوە لە حاڵێك دایە كە كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش هیچ كات حاشایان لە یارمەتییە ماڵییەكانی بە حیزبوڵڵا نەكردووە.