دادگایەك لە وڵاتی بەحرەین بە تاوانی سیخوڕی كردن بۆ ئێران، مافی هاووڵاتیبوونی لە ٨ شیعەی ئەم وڵاتە زەوت كرد. ٦ كەس لەم شیعانە حوكمی زیندانی تاهەتایشیان بۆ بڕدراوە.
بەحرەین هەروەها نزیكەی ١٠ ڕۆژ لەمەوبەریش مافی هاووڵاتیبوونی عیسا قاسم، ڕێبەری شیعەكانی ئەم وڵاتەشی، بە تاوانی “تاقم گەرایی و پەرە پێدانی توندوتیژی” هەڵوەشاندبۆوە، بەڵام ئەم هەوڵەی دەوڵەتی بەحرەین كاردانەوەی توندی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەدوای خۆیدا هێنا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە دادگای بەحرەین جە لە هەڵوەشاندنەوەی هاووڵاتیی بوونی ئەم ٨ كەسە، ٦ كەس لەوانی بە زیندانی تاهەتایی و ٢ كەسی دیكەشیانی بە ١٥ ساڵ زیندان مەحكووم كردووە.
ئەم ڕاپۆرتە لە زمان یەكێك لە سەرچاوە قەزاییەكانی بەحرەین نووسیویەتی ئەم كەسانە جگە لە سیخوڕی كردن بۆ ئێران، بە هۆی “پەیوەست بوون بە گرووپە تێرۆریستییەكان، هەڵگرتنی چەك و چۆڵ و تەقەمەنی و تێپەڕاندنی خولی ڕاهێنان بۆ چۆنیەتی بەكار هێنانی ئەم چەك و چۆڵانە” ئەم حوكمانەیان بەسەردا سەپاوە.
بەحرەین ساڵانێكی زۆرە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەوڵدان بۆ شێواندنی ئەمنیەتی ئەم وڵاتە لە ڕێگەی پشتیوانی كردن نیزامی و ماڵی لە شیعەكانی بەحرەین تاوانبار دەكا. لەم ماوەیەدا، بە دەیان هاووڵاتیی شیعەی ئەم وڵاتە بە تاوانی هەوڵی تێرۆریستی بە پاڵپشتیی سپای قودسی كۆماری ئیسلامی، دەستبەسەر و دادگایی كراون.