ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی ئاتاتورکی ئەستانبوڵ چووە سەرێ. تا ئێستا ٤١ کەس بەو هۆیە کوژراونو ژمارەی بریندارەکانیش ٢٣٩ کەسە کە پێدەچێ لە بەر قورسیی برینی ژمارەیەک لەوان ئاماری کوژراوەکان زیاتر ببێ.
لەو ڕووداوەدا کە شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، ٩ ی پووشپەر ڕووی دا، سێ هێرشبەری تێرۆریست بە تاکسی خۆیان گەیاندە تڕمینالی فڕۆکەخانەو خەڵکیان بەر دەستڕێژی چەکەکانیان دا. دوایەش لە نێو خەڵکەکەدا خۆیان تەقاندەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی تورکیە ١٣ کەس لە کوژراوەکان هاووڵاتیی وڵاتانی بیانین. وەزارەتی دەرەوەی ئێران کوژرانو برینداربوونی ٥ ئێرانیی لەو ڕووداوەدا پشتڕاست کردۆتەوە.
شایانی باسە ئەگەرچی تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسایەتیی ئەو هێرشانەی وەئەستۆ نەگرتوە، بەڵام بن عەلی بێلدریم، سەرۆک وەزیرانی تورکیە پێی وایە کە دەبێ داعش لە پشتی ئەو پەلامارە تێرۆریستییە بێ.