لە شارەکانی مەهاباد و پیرانشار چەند بۆمبی دەسکرد دۆزرانەوەو پێش ئەوەی کە بتەقێندرێنەوە، پووچەڵ کرانەوە.
هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان لە شاری پیرانشارەوە رایانگەیاند کە شەوی رابردوو لە پارکی لالەی شاری پیرانشار سندووقێکی بچووک دۆزرایەوە کە لە راستیدا بۆمبێکی دەستکرد بوو. وەک لە هەواڵەکاندا هاتوە، بۆمبەکە پێش تەقینەوە لە لایەن هێزە ئینتزامیەکانەوە پووچەڵ کرایەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا بە پێی زانیاریە تایبەتییەکان، لە رووداوێکی هاوشێوەو لە شاری مەهابادیش سێ بۆمب لە نیزیک یەکترو لە پارکی شەهرەکی ئەو شارە دۆزرانەوە. بۆمبەکە نیزیک بوو لەو خانووە دەوڵەتییانەی کە بۆ جاشەکان ساز کراوە. بە پێی زانیارییەکان بۆمبەکان بۆمبی دەنگی بوونو لەو سێ بۆمبە یەکیان تەقیوەتەوە، بەڵام چ خەساری گیانی بە دواوە نەبووە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە چەند رۆژ پێش ناوەندە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێران باسیان لە پووچەڵ کردنەوەی هێرشێکی بەرینی ئیسلامیەکان بۆ سەر شارو ناوەندەکانی ئەم وڵاتە کردبوو. لەم بارەوە ئاماژە بە ناوی مەهاباد لە گەڵ تاران وەک ئامانجی ئەو هێرشانە کرابوو. وەک ڕاشیانگەیاندبوو کە ١٠ کەس لەو پێوەندیەدا دەستبەسەر کراون.
شایانی باسە خەڵکی ئەو شارانەی کوردستان پێیان وایە دانانەوەی ئەم بۆمبانە پیلانی کۆماری ئیسلامیو دەزگا ئەمنیەتیەکانی ئەو رێژیمەیە بۆ هەرچی زیاتر میلیتاریزە کردنی کوردستانو سەرکوتی خەڵکی کورد.