ئێران بە تەمایە بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی تا ئاستی ٥ میلیۆن بۆشكە لە ڕۆژدا بەرز بكاتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش وەزیری نەوت دەڵێ ئەولەڤیەتی ئەم وەزارەتخانەیە ڕادەستكردنی پرۆژە گەورەكان بە شیركەتە بیانییەكان دەبێ.
بیژەن نامدار زەنگەنە، وەزیری نەوتی كۆماری ئیسلامیی ئێران گرێبەستە نەوتییە نوێییەكانی بە یەكێك لەم ڕێگەیانە زانیوە كە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرز دەكەنەوە، ئەم گرێبەستانە كە بە IPC ناسراون، لە لایەن كۆمەڵێك لە نوێنەرانی پێشووی مەجلیسەوە ڕەخنەیان لێ گیراوە.
زەنگەنە دەڵێ سێ مەیدانی نەوتی ئازادەگان، پارسی باشوور و فەرزاد ڕادەستی سەرمایەدانەرانی بیانی دەكرێ.
پێشتر فەرماندەی قەرارگای سازەندەگیی خاتەمولئهنبیا گوتبووی بە سەرنجدان بە تواناكانی ئەم کارتێله ئابوورییه، هیچ پێویستییەكمان بە سەرمایەدانەرو شیركەتە بیانییەكان نابێ، بەڵام زەنگەنە شیركەتە نێوخۆییەكانی بە “ناتوانا” و ‘گرانجان” ناو بردوه.
ناوبراو دووبارە ڕەخنەی لە شێوەی كاركردی شیركەتی سەدرا گرت كە سەر بە سپای پاسدارانە.
لە لایەكی دیكەشەوە ئەحمەد تەوەكولی نوێنەری پێشووی تاران لە مەجلیس، لە نامەیەكدا كە مانگی جۆزەردان بۆ جێگری یەكەمی سەركۆمار نووسیبووی، ئەم گرێبەستانەی بە خیانەت بە وڵات ناو بردبوو.
زەنگەنە گوتوویەتی پاش بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی هاوبەش لەگەڵ ڕەخنەگرانو ناوەندەكانی پشكنین، كۆمەڵێك ئاڵوگۆڕیان لە بەندەكانی ئەم گرێبەستانەدا کردوه.