وەزیری تەعاون، كار و خۆشبژێویی كۆمەڵایەتیی ڕایگەیاند: لە حاڵی حازردا یەكێك لە كێشە جیدییەكانی كۆمەڵگا “بە ژنانەبوونی دیاردەی ئیعتیاد”ە، بە جۆرێک كە ئیعتیادی ژنان لە سەدی ٤ەوە گەیشتۆتە سەدی ١٠.
ڕەبیعی وەبیری هێنایەوە كە لە ئێستادا ئیعتیاد لەم وڵاتە بەرەو ژنانە بوون ڕۆیشتووە، ئەوە لە حاڵێك دایە كە ژنان زۆر خەسارهەڵگرتر لە پیاوانن و لە هەمان كاتیشدا كاریگەرییەكی زیاتریان لەسەر كۆمەڵگا هەیە، هەر بۆیە دەبێ لە ئاستی وڵاتدا پەرە بەم ناوەندانە بدرێ كە ئەركی ڕاهێنانی ژنانی موعتادیان لە ئەستۆیە.
قسەكانی وەزیری كاری ئێران لەم بوارەوە لە حاڵێك دایە كە لە ١١٤٢ ناوەندی تەركی ئیعتیاد لە ئێران، تەنیا ٩٣ ناوەند تایبەت بە ژنانە.
ڕەبیعی هەروەها گوتوویەتی ڕێژەی ژنانی موعتادی ئەم ناوەندانە بە نیسبەت پیاوان نزیكەی سەدی ١٠یە و زۆربەی ژنان كاتێك پاش وازهێنان لە ئیعتیاد ڕوو لە كۆمەڵگا دەكەنەوە، یان لە لایەن بنەماڵەكەیان وەلا نراون یان لە تەمەنی كەمدا تەڵاق دراون، هەر بۆیە بێ ئەنوا بوونو ئەم مەسەلەش وایان لێ دەكا كە بە ڕێژەیەكی یەكجار زۆر مەترسیی دەستدرێژیی جنسییان بکرێته سەر یان ئەوەی كە بۆ جارێكی دیكە ڕوو لە ماددەی هۆشبەر بكەنەوە.