ئەندامی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕایگەیاند کە ئێمە لە دوو دەیەی ڕابردوودا لەپێناو پاراستنی هەرێمی کوردستان، زۆر لە چالاکییەکانی خۆمان کەمڕەنگ کردۆتەوە، بەڵام کۆماری ئیسلامی بەردەوام بۆ دژایەتیی هەرێمی کوردستان لە بیانوویە.
مەنسوور مروەتی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ئەم قسانەی لە دیمانەیەکی تەلڤیزیۆنی لە گەڵN R T دا کرد کە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی پووشپەڕ بە شێوەی راستەوخۆ لە باشووری کوردستانەوە بڵاو دەکرایەوە.
مەنسوور مروەتی لەو وتووێژەدا هۆکاری کەمڕەنگبوونەوەی خەباتی چەکداریو پێشمەرگانەی ئەم حیزبەی بۆ پاراستنو رەعایەتی دۆخی هەرێمی کوردستان گەڕاندەوە، بەڵام نەیشاردەوە کە پێشمەرگەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام چوونەتەوە نێو خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانو لە نێویاندا بوون.
مروەتی هاوکات ئاماژەی بە خەباتی فرە ڕەهەندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کردو گوتی لە هەموو بوارەکانی چەکداری، تەشکیلاتی، دیپڵۆماسیو خەباتی مەدەنیو گشتگیری خەڵکی کوردستاندا، هەوڵمان داوە ئێمە وەک حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێرانو رۆژهەڵاتی کوردستاندا حزووری چالاکانەمان هەبێ.
مەنسوور مروەتی لە درێژەدا لە پێوەندی لەگەڵ پرسی وتوێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا گوتی داوای کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ وتووێژ لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان یەک لە نیشانەکانی بەهێزیو شوێندانەریی خەباتی ئەم حیزبە لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێرانو بە تایبەت رۆژهەڵاتی کوردستاندا بووە.