بەدوای ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە کوردستان کەشی ئەمنیەتیی زاڵ بەسەر شارەکانی کوردستان توندتر کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستانو کورد لە سنە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ٦ ی پووشپەڕ چەند هێلی کۆپتێر لە پادگانی سنەوە بەرەو مەریوان چوونو هێزو چەکوچۆڵیان بۆ ئەو ناوچەیە گواستۆتەوە.
توندبوونی کەشی ئەمنیەتی لە سنەو مەریوان لە حاڵێک دایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەڕ لە نێوان هێزەکانی سپای پاسدارانو دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران درێژەی بووە.
بەپێی ڕاگەیاندنی ماڵپەری ناوەندیی حدکا لەو چەند شەڕەدا زیانێکی قورس بەر هێزەکانی ڕێژیم کەوتووەو کەلاکی هەر نەبێ ٨ کەس لە کوژراوەکانی ریژیمیان لە بەردەستدا بووە، بەڵام بە داخەوە سێ پێشمەرگەی ئەو حیزبەش بە ناوەکانی شۆڕش منبەری، شاخەوان منبەریو مام ئەکبەر منبەری شەهید بوون.
لەلایەکی دیکەوە هێزێکی گەورەی ڕێژیم بە چەکی قورسی تۆپو کاتیوشاوە لە شاری ورمێڕا بەرەو جاددەی مەهەباد وەڕی کەوتوونو، هێزێکی زۆری دیکەش بە چەکی قورسەوە لە سنووری شاری مەریوانو لە ڕووبەڕووی شاخی سورێن و شاخی پێنجوێن لە شوێنێک بە ناوی “ئاوشاخان” جێگیری کراون.
لە حاڵەتێکی دیکەشدا دارستانەکانی پشت شارۆچکەی نایسەر لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەوە ئاگریان تێبەر بووە. چالاکانی مەدەنیی ژینگەپارێز دەڵێن ئەو سووتمانە بە ئانقەست بووەو دەستی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی لە پشتە.