ئەم ساڵیش سەرەڕای پێداگریی حەسەن ڕوحانی لەسەر کردنەوەی دەرەتانی خوێندن بە زمانی دایکی، بەڵام ئەو وادەیە سەری نەگرت.
حەسەن ڕوحانی، سەرکۆماری ئێران کە پێش هەڵبژاردنەکان یەکێک لە بەڵێنەکانی بە خەڵکی کوردستان بوارخۆشکردن بۆ خوێندن بە زمانی دایکی بوو، لە سەردانی مانگی ڕابردووی بۆ پارێزگای ورمێ پێی لەسەر ئەو بەڵێنە داگرتەوە، بەڵام ئێستا کاربەدەستانی ورمێ دەڵێن هیچ لە وەزعەکە نەگۆڕاوە.
فەرەیدوون سەید موستەفەوی، بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی پەروەردەو فێرکردنی ورمێ دەڵێ تا ئێستاش هیچ بڕیار، بەخشنامە یان ڕاسپاردەیەک لەبارەی خوێندن بە زمانی زگماکی لەو پارێزگایە بەوان نەدراوە، هەروەها هیچ بڕیارێکیان لەسەر ئامادەکردنی کتێب بۆ ئەو مەبەستەش وەرنەگرتوە.
ئەو نەیشاردەوە کە لە پارێزگای ورمێ لە پێوەندی لەگەڵ خوێندندا کێشەی زۆریان هەیە، چونکی هەموو منداڵانی ئەو پارێزگایە کاتێ دەست بە خوێندن دەکەن، زمانێکی جیاواز لە زمانی خوێندنی قوتابخانەکانیان هەیە.
شایانی باسە خوێندن بە زمانی دایک بەردەوام یەکێک لە داواکانی خەڵکی کوردستانو نەتەوەکانی دیکەش لە ئێران بووە. لە سەردانەکەی روحانی بۆ ورمێو مەهابادێش هەم ئەو داوایە هاتەوە گۆڕێ، هەم سەرکۆمار بەڵێنیی چارەسەری ئەو کێشەیەی دا، بەڵام بەو پێیە خەڵکی کوردستان جارێ هەر دەبێ چاوەڕوان بن.